سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: وەڵامی هێرشەکەی حەماس دەدەینەوە

25-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێویستە وەڵامی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بدەینەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2023 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەین؛ ئەو هەڵەیەی کردیان بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین و دەبێت هەمووان وەڵامی ئەو هەڵەیە بدەنەوە، لەنێویاندا من، بەڵام هەموو ئەمانە دواتر روودەدەن."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "وەکو سەرۆکوەزیرانی وڵات ئەرکی منە کە ئاسایش و ئەمنییەتی داهاتووی وڵاتەکە دابین بکەم."
 
رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند. لانیکەم تائێستا 7190 کەس لە هەردوولا کوژراون و بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل 220 بارمتە لەلای حەماسن لە غەززە.
 
سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵکی باکووری غەززە کردووە کە باکووری کەرتەکە بەرەو باشوور بەجێبهێڵن و بەردەوامیشە لە تۆپبارانکردنی کەرتەکە بە شێوەیەکی چڕ.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 600 هەزار هاووڵاتی لە کەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامیی تۆپبارانەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە بوون و روویان لە 150 پەناگەی دروستکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کەرتەکە کردووە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چەندین لێدواندا ئاماژەی بەوە داوە کە حەماس لەنێو دەبات بۆ ئەوەی چیدیکە نەبێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر خەڵک و خاکی ئیسرائیل، لەلایەکی دیکەوە گوشار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە لەبارەی خەڵکی سڤیل؛ وڵاتان داوا لە ئیسرائیل دەکەن کە بۆردوومانی ئەو ناوچانە نەکات کە خەڵکی سڤیل و ئاوارەی لێیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران و ئەمریکا.

گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچن

ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچن، ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئەمریکی لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە نیگەرانن.