گالەری

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
14 Photos
تەنیا ئەحمەد
 
رووداو دیجیتاڵ 

تیمە فریاگوزارییەکانی کەرتی غەززە دەڵێن، ئیسرائیل بۆردوومانی قوتابخانەیەکی کرد کە کرابووە پەناگە بۆ خەڵک و 17 کەسی کەسی کوشت. ئیسرائیل دەڵێت، چەکداری حەماس لە پەناگەکەدا بوونە و ئەوانیان کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی پێنجشەممە، 24-11-2024، مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە رایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەی شوهەدا لە کەمپی پەنابەرانی نوسەیرات، لانیکەم 17 کەس کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون. بەرپرسانی حەماس رایانگەیاند، خەڵکێکی بێماڵ و ئاوارە لەو قوتابخانەیەدا دەمانەوە.
 
ئوم محەممەد، ژنێکی فەلەستینییە و لە قوتابخانەکە دەمایەوە، گوتی: "دوای هێرشەکە پارچە شووشە و بەرد لە بنمیچی قوتابخانەکەوە بەسەرماندا باری؛ رامکرد و هاواری خوشکەکەم کرد، ئەوم بە زیندوویی لە خوارەوە دۆزییەوە. کچە بچووکەکەشم لە باوەش گرت و لەبەر دووکەڵ هیچم نەدەبینی."
 
ئەو ژنە فەلەستینییە گوتیشی: "چەند منداڵێکم بینی بەهۆی هێرشەکەوە پارچە پارچە ببوون."
 
دوای هێرشە خوێناوییەکە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر "تیرۆریستانی حەماس کە لە نێو ناوەندێکی فەرماندەیی لە ناوچەی نوسەیرات بوون. ئەو شوێنە لەلایەن ئەو تیرۆریستانەوە بۆ پلاندانانی هێرشی تیرۆریستی لە دژی سوپای ئیسرائیل بەکاردەهات."
 
نووسینگەی میدیایی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، پەناگەکە چەندین هەزار کەسی سڤیلی تێدابوو، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. بزووتنەوەی حەماس هێرشەکەی بە "تاوان" ناساند و گوتیشی: "چەندین ژن و منداڵ کوژراون."
 
لە ماوەی چەند مانگی رابردوو دا، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر چەندین قوتابخانەی هاوشێوە کە ئێستا وەک پەناگە سوودیان لێ وەردەگیرێت. سوپای ئیسرائیل لە دوای هەموو هێرشەکان گوتوویەتی، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسیان کردووەتە ئامانج.