رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئیمارات گرنگییەکی تایبەت بە عێراق دەدات و لەویش زیاتر بە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، ئیمارات پشتگیریی لە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیری دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە ئیماراتە و ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی وڵاتەکە کۆبووەوە.
فەوزی هەریری لە ئەبوزەبی بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''ئیمارات پابەندییەکی بەهێزی بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووری هەیە. بێگومان سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند جار سەردانی ئیماراتی کردووە بۆ ئەم بابەتانە.''
بەگوتەی فەوزی هەریری، هەرێمی کوردستان و ئیمارات پەیوەندییەکی دێرینیان هەیە و ''وڵاتی ئیمارات بەگشتی بایەخێکی تایبەت بە عێراق دەدات و بە هەرێمی کوردستانیش زیاتر.''
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی گرنگیی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر و سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران کرد و گوتی: ''جووڵانەوەکانی ئەم دواییانەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێکەوە بەستراونەتەوە و بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستانن، بۆیە ئیمارات بایەخ بە جووڵانەوەکەی دەدات و پشتگیریشی دەکات."
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا "ههردوو سهرۆک زهمينه و دهرفهتهكانى بهرهوپێشبردن و برهودانى زياتر به پهيوهندييهكانى ئيمارات لهگهڵ عێراق و بهتايبهتى لهگهڵ ههرێمى كوردستان له ههموو بوارهكاندا تاوتوێ دهكهن."
ئاماژەی بەوەش کردبوو، "ههروهها [هەردوو لا] لەبارەی دوايين پێشهاتهكانى ناوچهكه و چهند پرسێكى ديكهى جێى بايهخى هاوبهش، بيروڕا دهگۆڕنهوه".
پرسی ئابووری و وزە لەگەڵ دۆخی ناوچەکە دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆی هەردوو سەرۆک دەبن.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ فەوزی هەریری:
رووداو: کاژێرێکی دیکە ئێوە لای سەرۆکی ئیمارات دەبن، تەوەری گفتوگۆکانتان چییە؟
فەوزی هەریری: بەخێربێن، بێگومان سەردانێکی دۆستانەیە، بانگهێشتی جەنابی سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات بۆ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. زوو زوو بانگهێشت دەکرێن، چونکە پەیوەندییەکانی ناوچە و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات تاوتوێ دەکرێن و پەیوەندییەکانی هەموو ناوچەکە لە چوارچێوەی سیاسی و ئابووریدا باس دەکرێن، بۆیە ئێمە دڵخۆشین کە لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێرەین. وەکو جەنابت فەرمووت: کاژێرێکی دیکە دیداری دووقۆڵییان بەڕێوەدەچێت.
رووداو: هۆکاری ئەم پەیوەندییە دوو قۆڵییە لەنێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
فەوزی هەریری: بێگومان وڵاتی ئیمارات بەگشتی بایەخێکی تایبەت بە عێراق دەدات و بە هەرێمی کوردستانیش زیاتر. پەیوەندییەکانی ئیمارات و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ نییە و ساڵانێک پەیوەندیی باش و سەردانی دوولایەنە هەبووە. کۆنسوڵی ئیماراتیی زۆر چالاکمان لە هەولێر هەیە کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری باش دەکەن، بۆیە ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکی قووڵە و هەرێمی کوردستانیش، بەتایبەتی جەنابی سەرۆکی هەرێم لە ماوەی رابردوودا پەیوندییەکی باشی لە ناوچەکە لەگەڵ حکومەتی عێراق هەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بابەتەکانی هەڵبژاردن، سەقامگیریی ناوچەکە. سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، ئەمە جێگەی بایەخ بوو، سەردانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، هەمووی ئەو جووڵانەوەی هەرێمی کوردستان پێکەوە بەستراونەتەوە و بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، بۆیە ئیمارات و سەرۆکەکەی، بایەخ بە جووڵانەوەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدەن و پشتگیریشی دەکەن. ئەم گفتوگۆ و تاوتوێکردنی بابەتەکان بەتایبەتی بابەتی ئابووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات، بە بەرژەوەندیی هەر دوو لایە.
رووداو: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندینجار سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیماراتی کردووە. ئەمە رێککەوتنێکی رانەگەیێندراوە کە پێکەوە تاوتوێی دۆخەکە دەکەن؟
فەوزی هەریری: بەڵێ، بەرهەمەکە لەوەدایە کە هاوڕان، بۆچوونیان یەکە، لێکدانەوەیان بۆ گرفتەکانی ناوچەکە یەکە و پەوەندییەکی باشیان هەیە، ئیمارات پابەندییەکی بەهێزی هەیە بەرامبەر بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە بواری ئابووری. بێگومان سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند جار سەردانی ئیماراتیشی کردووە بۆ ئەم بابەتانە، بۆیە ئەم پەیوەندییانە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و وەکو شوێنەکانی دیکە، لێرەش [ئیمارات] بۆچوونەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە تەماشا دەکرێن و گوێیان لێ دەگیرێت؛ ئەوە هەمووی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبن.
رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی لە ئیمارات نییە؟
فەوزی هەریری: زۆر هۆکار هەن، ئێمە کۆنسوڵخانەی عێراقمان هەیە، کە کۆنسوڵەکەی لە [لایەن] هەرێمی کوردستانەوەیە و کوردی خۆمانە و خزمەتێکی باش بۆ [بابەتە] ئابوورییەکان دەکات، بەڵام بێگومان ئەمە پرسیارێکی باشە، کە لە داهاتووی نزیک حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی ئەرێنی دەدات، ئەگەر نوێنەرایەتییەک هەبێت، بەڵام پێویستە زەوینەسازی بۆ بکرێت.
رووداو: بەنیازن هیچ وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن؟
فەوزی هەریری: ئێستا نەخێر، بەڵام بێگومان دەبێ بە زووترین کات بیکەین، کە ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ