حەماس ناوی چوار بارمتەی دیکەی دا بە ئیسرائیل کە ئازادیان دەکات

24-01-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام رایگەیاند، سبەینێ چوار بارمتەی دیکەی ئیسرائیل ئازاد دەکەن و ناوەکانیشیانی ئاشکرا کرد.
 
رۆژی هەینی 24ی کانوونی دووەمی 2025 ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، کە باڵی سەربازیی حەماسە، ناوی چوار بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی ئاشکرا کرد و دەڵێت، سبەینێ لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا ئازادیان دەکەن.
 
ئەو چوار ناوەی گوتەبێژی قەسام بڵاویکردوونەتەوە و هەموویان بە "سەرباز" ناودەبات، بەم شێوەیە: کارینا ئەریڤ، دانیێلا گیلبوا، ناما لێڤی و لیری ئەلباگ.
 
سەرجەم ئەو چوار بارمتەی کە قەسام ئازادیان دەکات، ئافرەتن. ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 19ی ئەم مانگە، ئاگربەستی غەززە دوای 15 مانگ لە شەڕکردن بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمریکا راگەیێندرا.
 
لە قۆناخی یەکەمدا حەماس 33 بارمتە ئازاد دەکات و تاوەکو ئێستاش 3 لەو بارمتانەی ئازاد کردوون، کە هەرسێکیان ئافرەت بوون.
 
ئاگربەستەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت
 
قۆناخی یەکەم: 
 
بڕیارە 42 رۆژ بخایەنێت و تێیدا 33 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر 1900 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.
 
هەر لەم قۆناخەدا، سوپای ئیسرائیل وردە وردە لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە دەکشێتەوە، ئاوارە فەلەستینییەکان دەگەڕێنەوە باکووری کەرتی غەززە و رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر دەدرێت، بە جۆرێك کە رۆژانە 600 بارهەڵگر دەچنە نێو غەززە، 50 لەوانە سووتەمەنی دەبەن. لەو 600 بارهەڵگرە 300یان بۆ باکووری کەرتی غەززە دەچن کە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تووشی وێرانکاریی گەورە بووە. 
 
بە گوێرەی رێککەوتن، لە قۆناخی یەکەمدا، بڕیارە هەموو بارمتە ژنەکان بە سڤیل و سەربازەوە، هەروەها کەسانی خوار تەمەن 19 ساڵ و پیاوانی سەروو 50 ساڵ لە لایەن حەماسەوە رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە. 
 
قۆناخی دووەم:
 
لە شازدەیەم رۆژی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستدا دانوستاندن بۆ قۆناخی دووەم دەستپێدەکات. 
 
لە قۆناخی دووەمدا حەماس ژمارەیەک بارمتەی دیکەی ئازاد دەکات و ئیسرائیلیش ژمارەیەک بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئازاد دەکات کە تاوەکو ئێستا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە. 
 
ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە دەکشێتەوە. 
 
قۆناخی سێیەم:
 
حەماس لەو قۆناخەدا هەموو بارمتەکان ئازاد دەکات و تەرمی ئەو بارمتانەش رادەست دەکاتەوە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.
 
هەر لەو قۆناخەدا دەست بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکرێت و میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە