تۆمەتباری سەرەکیی 'دزی سەدە' لە لوبنان تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو؛ 'دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە'

24-08-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوور زوهێر کە بە تۆمەتباری سەرەکیی "دزی سەدە" ناودەبرێت، بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بووە و بەپێی زانیارییەکان "دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە."

رۆژی شەممە، 24ـی ئابی 2024، نوور زوهێر، کە بە تۆمەتباری سەرەکیی دزی سەدە ناودەبرێت، نزیکی کاژێر 00:30 لە ناوچەی حەدەت لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو.
 
بە گوێرەی دوایین زانیارییەکان، "بەهۆی رووداوەکە ئازارێکی زۆر بەر مل، بڕبڕەی پشت و سینگی کەوتووە و برینیش لە جەستەی هەیە."
 
نوور زوهێر ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی شاری بەیرووتە و لە ژێر "چاودێری چڕیی" پزیشکیدایە.
 
هاوکات، ئەمشەو هۆشیار زێباری لە پەڕەی فەرمیی خۆی نوسیویەتی، "نازانرێت ئەمەی ئەمشەو بەسەر نوور زوهێردا هاتووە، رووداوێکی ئاساییە یان رووداوێکی پیلان بۆ داڕێژراوبووە بۆ داپۆشینی نهێنییەکانی 'دزیی سەدە' و ئاشکرانەبوونی کەسانی تێوەگلاو لەو دزییە بووە."
 
مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئایا فێڵباز لەپێناو ئامادەنەبوونی لە دادگە چیرۆکێک دروست دەکات؟"
 
رۆژی 14ـی ئابی ئەم ساڵ یەکەم رۆژی دادگاییکردنی نوور زوهێر، کەسی سەرەکیی دۆسیەی "دزەیی سەدە" بوو، کە زیاتر لە شەش تریلیۆن دیناری لە سپاردەی باجەکان لە بانکی رافیدەین تێدا دزرا، بەڵام نە تۆمەتبار ئامادەبوو، نە دادگاییەکەش بەڕێوەچوو، هۆکاری ئامادەنەبوونی تۆمەتباریش "دۆخی تایبەت" بوو.
 
هەر بۆیە دادگە بڕیاریدا دادگاییکردنەکەی بۆ رۆژێ 27ـی ئاب دوابخات.
 
نوور زوهێر لە دوایین دەرکەوتنی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی بوو، کە چەندین نهێنی دەربارەی دزیی سەدە و تێوەگلانی بەرپرسانی عێراقیی ئاشکراکرد.
 
مادەی 331ـی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969، کە بڕیارە نوور زوهێری پێ دادگایی بکرێت، دەڵێت هەر فەرمانبەرێک یان راسپێردراو بە خزمەتی گشتی، کە بە ئەنقەست سەرپێچی ئەرکەکانی بکات، یان ئامادەنەبوو کارەکانی بکات و مەبەست لێی زیانگەیاندن بوو بە بەرژەوەندیی کەسێک یان بۆ بەرژەوەندیی کەسێک لەدژی کەسێکی دیکە، یان دەوڵەت ئەو کارەبکات، بە زیندانیکردن و پێبژاردن سزا دەدرێت. سزاکەش لە سێ مانگ بۆ پێنج ساڵ، یان پێبژاردن دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە

جەمیل بایک: دوای سووریا نۆرەی عێراقە

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عێراق زۆرترین کاریگەریی پێشهات و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، دەشڵێت "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە."