رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکار بۆ چلەی ئیمام حوسێن چوونەتە عێراق، کە دوو ملیۆن کەسیان گەڕاونەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 23-08-2024، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران لەکاتی سەردانی بۆ دەروازەی سنووریی خوسرەوی لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکاری چلەی ئیمام حوسێن، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو وڵاتەوە چوونەتە شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.
ئەسکەندەر موئمینی گوتی، لەو ژمارەیە زیارەتکارە نزیکەی دوو ملیۆن کەس گەڕاونەتەوە ئێران و تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکاریش لە عێراق ماون.
وەزیری ناوخۆی ئێران لەبارەی دوایین ئامارەکانی هاتووچۆی زیارەتکاران لە رێگەی دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە گوتی: "نزیکەی 15٪ـی هاتووچۆی زیارەتکاران لە رێگەی دەروازەی خوسرەوییەوە بووە."
بەگوتەی ئەسکەندەر موئمینی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 450 زیارەتکار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە چوونەتە شوێنە پیرۆزەکانی عێراق و 200 هەزار کەسیش گەڕاونەتەوە ئێران.
وەزیری ناوخۆی ئێران پێشبینی دەکات، تاوەکو کۆتایی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، کۆی هاتووچۆی زیارەتکاران لە دەروازەی خوسرەوییەوە بگاتە نزیکەی 950 هەزار کەس.
دەروازەی خوسرەوی دەکەوێتە نێوان شارۆچکەی قەسری شیرینی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و قەزای خانەقینی باشووری کوردستان کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رێگەی ئەم دەروازە سنوورییەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ