رووداو- هەولێر
وەزیرێكی حكومەتی سووریا بۆچوونی وڵاتەكەی لەبارەی گشتپرسی بۆ جیابوونەوەی باشووری كوردستان لە عێراق راگەیاند و گوتی، ئەوان لەگەڵ جیابوونەوەی كوردستان نین لە عێراق. كاتەكەشی بۆ گشتپرسی گونجاو نییە، چونكە عێراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕدان.
رۆژی شەشی ئەم مانگە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حیزبەكانی بەشدار لە پەرلەمان و حكومەت، بڕیاریان لە گشتپرسی دا و رۆژی 25ی ئەیلولی داهاتووشیان وەكوو رۆژی ئەنجامدانی گشتپرسی دیاری كرد. هەر دوای راگەیاندنی وادەی گشتپرسی، كاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان دەركەوتن.
دراوسێكانی هەرێمی كوردستان (عێراق، ئێران و توركیا) بۆچوونی خۆیان لەبارەی گشتپرسی دەربڕی، بەڵام حكومەتی سووریا هێشتا بۆچوونی فەرمیی خۆی لەوبارەیەوە رانەگەیاندووە.
عەلی حەیدەر، وەزیری ئاشتبوونەوەی نیشتمانیی سووریا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە (رووداو)ی راگەیاند: "وەكوو پرەنسیپ و بەپێی جاڕنامە و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، هەموو گەلێك مافی خۆیەتی بڕیار لە داهاتوو و چارەنووسی خۆی بدات، بەڵام هەر وڵاتە و هەلومەرجی تایبەتی خۆی هەیە".
حەیدەر گوتی كە گشتپرسییەكەی هەرێمی كوردستان كاتەكەی گونجاو نییە "ئەم گشتپرسییە لەو هەلومەرجەدا گونجاو نییە بەتایبەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە دۆخی جەنگدان لە دژی تیرۆر و پێویستە كاری لە پێشینەیان لەناوبردنی تیرۆر بێت، بەتایبەتی داعش كە نوێنەرایەتی تیرۆری جیهانی دەكات".
عەلی حەیدەر هەر لە درێژەی ئەو قسانەدا گوتی "سووربوون لەسەر ئەنجامدانی دەبێتە هەوڵێك بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع لە دۆخێكی دیاریكراودا و لە داهاتووشدا دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت و بخرێتە واری جێبەجێكردنەوە، واتە ئەگەر ئێستاش سەربەخۆیی رانەگەیێنرێت، دەكرێ لە داهاتوودا رابگەیێنرێت، چونكە عێراق ئێستا لە دۆخی شەڕدایە".
وەزیری ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەگەر گشتپرسیش بكرێ، پێویستە لە سەرتاسەری عێراق بكرێ "ئەگەر بڕیار لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسیش درا، دەبێت لە هەموو عێراق بكرێ، نەك تەنیا لە ناوچەیەكی دیاریكراودا، بۆ ئەوەی هەموو عێراقییەكان تێیدا بەشدار بن و راو بۆچوونی خۆیان بدەن، بەمەش پرسەكە نابێتە پرسی دابەشكردنی عێراق لە رێگەی گشتپرسیی بۆ هەرێمی كوردستان".
عەلی حەیدەر جەختیكردەوە عێراق خاوەن دەستوورێكی فیدراڵییە و هەر بڕیارێك بدرێت پێویستە لەم چوارچێوەیەدا بدرێت و گوتی "ئێمە گەلێكین هەزاران ساڵ لەسەر ئەم خاكە پێكەوە ژیاوین و چارەنووسیشمان یەكە، هەر هەوڵێك و سیناریۆیەك ئەمڕۆ لەسەر ئەرزی واقیع كارا بێت، ئەوە دەستێوەردانێكی دەرەكییە و مەبەست لێی پارچەپارچەكردنی ناوچەكەیە. كورد لە مێژوودا سەلماندوویەتی كە رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە ناوچەكەدا و هەموو مافێكیان هەیە و پێویستە لە چوارچێوەی گرێبەستێكی كۆمەڵایەتیی نوێدا پارێزراو بن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ