رووداو - هەولێر
گەڕان بەدوای تەرمی قوربانیانی ئەو فڕۆکە پاکستانییە بەردەوامە کە پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی لە کاراچی کەوتەخوارەوە، وەزارەتی تەندروستیی پاکستانیش گیانلەدەستدانی 97 کەس و رزگاربوونی دوو کەسی دیکەی راگەیاندووە.
رۆژی هەینی 22-5-2020 فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی پاکستان، لە شاری کاراچی لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون بە 107 سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە، کە سەرەتا گوتەبێژی هێڵی ئاسمانیی پاکستان رایگەیاند، 98 سەرنشین بوون.
پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە سێ کەس لە رووداوەکە رزگاریان بووە، بەڵام دواتر دەرکەوت کەسی سێیەم دانیشتووی ناوچەکەیە و لەگەڵ ئەو 11 کەسەی دیکە بوو کە بەهۆی رووداوەکەوە برینداربوون و گوازرابوونەوە بۆ نەخۆشخانە.
هێزە ئەمنییەکانی پاکستان هاتووچۆیان بۆ شوێنی رووداوەکە داخستووە و پرۆسەی گەڕان و دەرهێنانی تەرمەکان بەردەوامە. تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە نەزانراوە، بەڵام حکومەتی پاکستان دەڵێت، ئاگر لە فڕۆکەکە کەوتووەتەوە و دواتر کۆنترۆڵی لەدەستداوە.
جگە لە زیانی گیانی، کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە بەلایەنی کەمەوە پێنج خانووی رووخاندووە و زیانی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە.
فڕۆکەکە لە شاری لاهوورە و بەرەو کاراچی چووە، زۆربەی سەرنشینەکانی موسڵمان و دانیشتووی وڵاتەکەن، بەپێی راپۆرتەکان بۆ جەژنی رەمەزان سەردانی کەسوکاریان کردووەتەوە.
لەدوای رووداوەکەش، عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە توویتێکدا هاوخەمی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ