ئێران لەسەر کوژرانی پێنج ئەندامەکەی سوپای پاسداران لە سووریا نامەیەک بۆ UN دەنێرێت

23-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە کوژرانی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر دیمەشق، لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئیسرائیل دەبێت باجی ئەو تاوانە بداتەوە." بە مافی ئێرانیشی دەزانێت، لەو کات و شوێنەی خۆی هەڵیدەبژێرێت، "وەڵامێکی تووند"ی هێرشەکە بداتەوە.
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەبارەی کوژرانی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران لە هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سووریادا، نامەیەکی بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە و تێیدا رایگەیاندووە، "ئیسرائیل بە پێشێلکردنی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بە شێوەیەکی نایاسایی، ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەوە."
 
ئەمیرعەبدوڵڵاهیان هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق و بەئامانجگرتنی پێنج ئەندامی سوپای پاسداران وەکو نموونەیەکی ئەو "پێشێلکارییانە" دەهێنێتەوە و دەڵێت، "راوێژکارانی سەربازیی ئێران لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی سووریا لەو وڵاتەن، بەڵام بە ئەنقەست لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج."
 
رۆژی 20-01-2024 ئیسرائیل لە هێرشێکی مووشەکیدا یەکەیەکی نیشتەجێبوونی لە دیمەشقی سووریا کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە پێنج راوێژکاری سەربازیی ئێران بە ناوەکانی حوجەتوڵڵا ئۆمیدوار، عەلی ئاقازادە، حوسێن محەمەدی، سەعید کەریمی و محەمەدئەمین سەمەدی کوژران.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبرد و ئەوەشی خستەڕوو، "لەم مانگانەی دواییدا، ئەمە سێیەمین کردەوەی لەو جۆرەیە لە دژی راوێژکارانی سەربازیی ئێران."
 
عەبدوڵڵاهیان هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئێران وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێت، "ئیسرائیل دەبێت باجی ئەو تاوانە و تاوانەکانی دیکەی لە دژی راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران بداتەوە" و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران بە مافی سرووشتیی خۆی دەزانێت، لەو کات و شوێنەی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت، "وەڵامێکی تووند و گونجاوی هێرشەکانی ئەو وڵاتە بداتەوە."
 
هەروەها وەزیرەکەی ئێران بە پێویستی دەزانێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تووندی "کردەوە تیرۆریستی و نایاساییەکانی ئێسرائیل" شەرمەزار بکات، لەبەر ئەوەی کردەوەی لەو شێوەیە مەترسیی جیددین بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە