لوبنان دەڵێت لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا دوو کەس کوژراون

10-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، ئیسرائیل باشووری وڵاتەکەی بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون. ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج کە چەکی پێبووە.
 
رۆژی هەینی 10-01-2025 وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاویکردەوە، دوو کەس لە باشووری وڵاتەکە لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل کوژراون.
 
میدیای فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، "هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە بووە. درۆنەکە لە گوندی تەیر دیبە ئۆتۆمبێلێکی کردووەتە ئامانج."
 
گوندی تەیر دیبە لە نزیک شاری سوورە و 20 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە.
 
بەرپرسێکی ئەمنیی لوبنان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، لە بۆردوومانەکەدا "مووشەکهاوێژێک کرایە ئامانج و چەندین تەقەمەنیش تەقینەوە."
 
سوپای ئیسرائیل هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "چەند تیرۆریستێک دەستنیشان کران کاتێک ئۆتۆمبێلێکیان پێبوو کە چەکی تێدا بوو. چەکەکان لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵاوە بەکاردەهات. فڕۆکەیەکی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلەکە بۆئەوەی ئەو هەڕەشەیە لەنێوببات."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاگربەستێکی 60 رۆژە لەنێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیلدا هەیە.
 
ئاگربەستەکە لە 27-11-2024 بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ 60 رۆژ راگەیێندرا. مەرجی سەرەکیی رێککەوتنەکە ئەوە بوو، حیزبوڵڵا لە باشووری رووباری لیتانی بکشێتەوە و بچێتە باکووری رووبارەکە، واتە 30 کیلۆمەتر دوور لە باشووری لوبنان کە هاوسنووری باکووری ئیسرائیلە. ئیسرائیلیش هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە و هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سوپای لوبنان شوێنیان بگرنەوە.
 
رووباری لیتانی سەرچاوەیەکی گرنگیی ئاوی لوبنانە، لە دۆڵی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان هەڵدەقوڵێت و لە شاری سوور لە باشووری وڵاتەکە دەڕژێتە نێو دەریای سپیی نێوەڕاست.
 
مەرجێکی دیکە ئەوە بوو، هەردوولا هێرش و ئۆپەراسیۆنە چەکداری و سەربازییەکانیان بووەستێنن. لیژنەیەک لە نوێنەرانی لوبنان، ئەمریکا، فەرەنسا و هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە (یونیفیل) ناسراوە، چاودێریی دۆخەکە دەکەن و مامەڵە لەگەڵ پێشێلکارییەکانی ئاگربەست دەکەن. ئاگربەستەکە لە 26-01-2025 تەواو دەبێت.
 
دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگ دژی ئیسرائیل. بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ئەیلوولی 2024ـەوە چڕبوونەوە. لەو کاتەوە لانیکەم 4000 کەس لە لوبنان بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە کوژراون.
 
هەردوو لایەنەکە تۆمەتی ئەوە دەدەن پاڵ یەکدی کە رێزی ئاگربەستەکە ناگیرێت و پێشێل دەکرێت. 
 
رۆژی 05-01-2025 یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "حیزبوڵڵا هێشتا نەچوونەتە ئەوبەر رووباری لیتانی لە باشووری لوبنان. ئەگەر حیزبوڵڵا ئەو مەرجە جێبەجێ نەکات، هیچ رێککەوتنێک نامێنێت و ئیسرائیل ناچار دەبێت هەنگاو بنێت، ئەمەش بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کە هاووڵاتییەکانی بە سەلامەتی دەچنەوە زێدی خۆیان لە باکوور."
 
رۆژی شەممە 04-01-2025 قاسم نەعیم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رایگەیاند، ئیسرائیل "پێشێلکاری"ـی لە ئاگربەستەکە کردووە و گوتی: "ئێمە تەنانەت پێش تەواوبوونی 60 رۆژەکە ئامادەین وەڵام بدەینەوە. ئێمە گوتوومانە کە دەرفەتێک دەدەین بۆ ئەوەی رێگە لە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بگرین و مەرجەکان جێبەجێ بکەین، جارێ ئارام دەگرین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە