نەتەنیاهوو هەڕەشە لە حەماس دەکات و بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتباری دەکات

21-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حەماس بە پێشێلکاری "دڕندانە و خراپی" ئاگربەستی غەززە تۆمەتبار دەکات. ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تەرمی یەکێک لەو چوار کەسەی کە حەماس رادەستی کردووە، بارمتە نییە. 
 
رۆژی هەینی، 21ـی شوباتی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی بارمتەکانی غەززە گوتی، "بە ئیرادەوە کار بۆ هێنانەوەی شێری و هەموو بارمتە مردوو و زیندووەکان دەکەین."
 
نەتەنیاهوو هەڕەشەی لە حەماس کرد و گوتی: "کار دەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی حەماس باجی ئەو پێشێلکارییە دڕندانە و خراپەی ئاگربەستەکەی دەدات."
 
هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو چوار تەرمەی رۆژێک پێشتر لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە رادەستکراونەتەوە، لەدوای پشکنین بۆ تەرمەکان، سیانیان پشتڕاستکراونەتەوە کە تەرمی هەریەک لە ئاریاڵ و کفیر بیباسی برا بوون، کە لەکاتی رفاندنیان تەمەنیان 9 مانگ و چوار ساڵان بوون، بەڵام تەرمەکەی دیکە کە دەبووایە تەرمی شێری بیباسی دایکیان بووایە، ئەو نەبووە. 
 
بەگوتەی نەتەنیاهوو، ئەو تەرمەی حەماس ناردوویەتی، تەرمی "ژنێکی غەززەییە".
 
پێشتر حەماس رایگەیاندبوو، شێری لە بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گیانی لەدەستداوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە پشکنینی توێکاری دەرکەوتووە، شێری تشرینی دووەمی رابردوو لەلایەن حەماسەوە کوژراوە. 
 
بەگوێرەی ئاگربەستی غەززە کە لە 19ی مانگی رابردوو چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو ئێستا حەماس، 24 بارمتەی ئازادکردوون لەبەرامبەردا ئیسرائیل نزیکەی دوو هەزار گیراوی فەلەستینی ئازادکردووە. 
 
سەرەڕای ئەو پێشهاتە، لەچوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە؛ بڕیارە سبەی شەممە؛ حەماس شەش بارمتەی دیکە ئازاد بکات.  
 
چاوەڕێش دەکرێت هەفتەی داهاتوو، دانوستانەکاندنەکان بۆ جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەست دەستپێبکەن کە بریتییە لە ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، کە ژمارەیان نزیکەی 60 بارمتەیە، لە بەرامبەردا دەبێت سوپای ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە بکشێتەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە