رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، خاڵێکی سنووری نێوان سووریا و لوبنانی بۆردوومان کردووە کە لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانییەوە بۆ بەقاچاخبردنی چەک بەکارهێندراوە.
رۆژی هەینی، 21ـی شوباتی 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا حیزبوڵڵای بەوە تۆمەتبار کرد، چەکی بەقاچاخ لە سووریاوە گواستووەتەوە لوبنان.
سوپای ئیسرائیل لەوبارەیەوە دەڵێت: "ئەم جۆرە کردەوانە پێچەوانەی ئەو خاڵانەن کە ئیسرائیل و لوبنان لە ئاگربەستەکەدا لەسەری رێککەوتوون."
لە 27ـی تشرینی دووەمی رابردووەوە، دوای زیاتر لە ساڵێک ململانێ، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ئاگربەستییان راگەیاند، لەوکاتەشەوە هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئیسرائیل رایدەگەیێنن، "خاڵێکی سنووری نایاسایی" لەنێوان پارێزگای حمسی سووریا و شارۆچکەی وادی خالید لە لوبنان کردووەتە ئامانج.
هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان دەشڵێن، هێرشەکە لەکاتێکدا بووە کە "کاروانێکی قاچاخ" لە سووریاوە بەرەو لوبنان لە رێگەدا بووە.
تائێستا هیچ لایەنێک بە روونی زەرەر و زیانەکانی هێرشەکەی ئاشکرا نەکردووە.
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆ لە ساڵی 2011 لە سووریا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە.
دوای رووخانی بەشار ئەسەدیش، ئیسرائیل سەدان هێرشی دیکەی ئاسمانیی کردنە سەر چەک و جبەخانەکانی سوپای پێشووی سووریا.
هەروەها سەربازانی ئیسرائیل ناوچەی چەکداماڵدراوی سووریایان لە بەرزاییەکانی گۆلان بەزاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ