رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاری ئیسرائیل دەستی لەکارکێشایەوە و هۆکارەکەشی بۆ هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل گەڕاندەوە.
رۆژی سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرزی هەلێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرزی لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی "داننان بە شکستی سەربازی لە 7ـی ئۆکتۆبەر" دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرزی لەکاتێکدا ئەرکەکەی جێدەهێڵێت کە سەرکەوتنی گەورە بۆ سوپا بەدەستهاتووە.
سوپاسالاری ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە سوپای وڵاتەکەی هەموو ئامانجە سەربازییەکانی لە غەززە بەدەستهێنابێت و دەڵێت: "ئامانجەکانی جەنگەکە هەموویان بەدەستنەهاتوون. سوپا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی زیاتری حەماس و توانای بەڕێوەبردنی، هەروەها دڵنیایی لە گەڕانەوەی بارمتەکان دەدات."
هێرزی تاوەکو 6ـی نیسانی ئەم ساڵ لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت و تاوەکو ئەو کاتە کەسێکی دیکە بۆ شوێنەکەی دەستنیشان دەکرێت.
هێرزی باڵاترین بەرپرسی سەربازیی ئیسرائیلە کە بەهۆی هێرشەکەی ئۆکتۆبەری حەماسەوە دەستی لەکارکێشابێتەوە.
لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس لە زەوی، ئاسمان و دەریاوە هێرشی کردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە و نزیکەی هەزار و 200 کەسی کوشت و 250 کەسی دیکەشی بە بارمتە گرت.
دوای هێرشەکە، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد. ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 47 هەزار فەلەستینی و زیاتر لە 110 هەزاریشیان بریندار بوون.
دوای 15 مانگ لە جەنگی نێوانیان، رۆژی 19-01-2025، ئاگربەستی شەش هەفتەیی نێوان حەماس و ئیسرائیل کەوتە واری جێبەجێکردنەوەوە.
ئاگربەستەکە سێ قۆناخە و لە قۆناخی یەکەمدا کە 42 رۆژ دەخایەنێت، سوپای ئیسرائیل وردە وردە لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە دەکشێتەوە، ئاوارە فەلەستینییەکان دەگەڕێنەوە باکووری کەرتی غەززە و رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر دەدرێت، بە جۆرێك رۆژانە 600 بارهەڵگر دەچنە نێو غەززە، 50 لەوانە سووتەمەنی دەبەن. لەو 600 بارهەڵگرە، 300ـیان بۆ باکووری کەرتی غەززە دەچن کە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تووشی وێرانکاریی گەورە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ