رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ئەو باڵەخانەی لە دیمەشق دوو فەرماندەکەی سوپای پاسدارانی ئێرانی تێدا کوژرا. وێنە: Louai Beshara / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دوای کوژرانی دوو راوێژکارە سەربازییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران لە دیمەشق، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، به هێزەوه لە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" و دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە بەردەوام دەبن.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای هێرشەکەی رۆژی شەممە 20-01-2024ی گەڕەکی مەزێی دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، کە تێیدا دوو فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و دوو ئەندامی دیکەی سوپاکە کوژران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "چالاکیی راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەوە بەردەوام دەبێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران کە ئیسرائیل بە "رژێمی زایۆنی" ناودەبات، دەشڵێت، "هاوبەشی سەرەکیی رەوتی تیرۆریستان و دووژمنی سەرەکیی ئاسایشی ناوچەکەیە."
دوو فەرماندەکەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کە لە هێرشەکەدا کوژران بریتی بوون لە حاج سادق ئومیدزادە، ناسراو بە حوجەتوڵڵا ئومێدەوار، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ کاروباری ئەمنی و جێگرەکەی بەناوی حاج غوڵام موحەڕەم، ناسراو بە عەلی ئاغازادە.
هێرشەکە باڵەخانەیەکی چوار نهۆمیی تەختی زەوی کرد. سوپای پاسدارانیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بێگومان شکستی زایۆنییەکان لە بەرامبەر ئیرادەی گەلی غەززە، بەم جۆرە کارە تیرۆریستییە ترسنۆکانە قەرەبوو ناکرێتەوە."
لە هێرشەکەدا ژمارەیەک سەربازی حکومەتی سووریاش کوژران، کە بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لەو کاتەدا لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە کۆبوونەوەدا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ