بەشار ئەسەد: هۆڵۆکۆست درۆیەک بوو و ئیسرائیلی پێ دروستکرا

21-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی سووریا رایدەگەیێنێت، هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی شەش ملیۆن جوو لە هۆڵۆکۆستدا کوژرابن و ئەمریکاشی بەوە تۆمەتبار کرد، کە پارەی بە نازییەکانی ئەڵمانیا داوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت، "هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی کە شەش ملیۆن جوو لە هۆڵۆکۆستدا کوژرابن".
 
ئەسەد دەشڵێت، "راستە، خەڵک لە ئۆردوگاکان کۆکراونەتەوە، بەڵام ئەوەی کە ئەوە نیشانمان دەدات ئەوەیە کە ئەو پرسە، نە پرسێکی مرۆییە و نە راستیشە، بەڵکو پرسێکی سیاسییە".
 
بەشار ئەسەد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێگەیەی کە نازییەکان بۆ ئازاردان و ئەشکەنجە و کوشتن دژی جووەکان بەکاریانهێناوە بەرامبەر بە هەموو کەسێکی دیکە بەکاریانهێناوە.
 
ئەمریکییەکان، بەگوتەی بەشار ئەسەد، لە جەنگی جیهانی دووەمدا یارمەتی نازییەکانی ئەڵمانیایان داوە و رێگەیان بە ئەدۆلف هیتلەر، دیکتاتۆر و رێبەری نازییەکانی ئەڵمانیا داوە کە لە ساڵی 1933 دەسەڵات بگرێتە دەست. 
 
ئەسەد گوتی، "زۆربەمان نازانین کە لە سەرهەڵدانی نازییەکان لەنێوان جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بە پشتیوانی ئەمریکا بووە؛ پرسیارەکەی مێشکی هەموومان ئەوەیە،  کە چۆن سەرەڕای کەوتنی ئەڵمانیا، نازییەکان سوپایان دروستکرد؟ هەموو ئەمانە بە پاڵپشتی، پارە، قەرز و وەبەرهێنانی ئەمریکییەکانەوە روویداوە".
 
هۆلۆکۆست ئەو ناوەیە کە بۆ سووتاندنی جووەکان لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا لەلایەن دەسەڵاتی نازیی ئەڵمانیاوە دەستنیشانکراوە. ناوەکە بۆ پرۆسەکانی سووتاندن و لەفڕننانی جووەکان لە سەرانسەری ئەوروپا دەگەڕێتەوە.
 
دەگوترێت دەسەڵاتی نازی لە گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانیدا لە ماوەی نێوان ساڵانی 1941 تاوەکو 1945 نزیکەی 6 ملیۆن جووی کوشتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە