شاندێکی باڵای حەماس بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەست گەیشتە میسر

20-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی باڵای حەماس بە سەرۆکایەتیی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە گەیشتە میسر و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری ئاگربەستی نێوانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئیسماعیل هەنییە گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دەستدرێژیی زایۆنییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە و چەند بابەتێکی دیکە".
 
پێش بەڕێکەوتنی بۆ میسر، هەنییە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران و ئیسماعیل هەنییە گوتی، "لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین پێشهاتەکان لەبارەی دۆخی غەززە".
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، هەنییە لەگەڵ شاندێکی باڵای حەماس لەگەڵ عەباس کامیل، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری میسر کۆدەبێتەوە.
 
میدیای ئیسرائیل رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی میسری و قەتەری لەگەڵ بەرپرسانی حەماس گفتوگۆیان کردووە و داوایان کردووە، بەشێک لەو بارمتانەی کە نەخۆشن ئازاد بکات و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل چەند بەندکراوێکی فەلەستینی ئازاد بکات.
 
رۆژی 17-12-2023، سەرکردەیەکی حەماس بەناوی خەلیل یەحیا رایگەیاند، "تاوەکو ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە رانەگرێت، رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی دیلەکان لەگەڵ ئیسرائیل ناکەین".
 
رۆژی 15-12-2023، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە ناوچەی شوجاعییە لە کەرتی غەززە تەقەی لە سێ بارمتە کردووە و بە هەڵە کوشتوونی. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەشێکی ئیسرائیلییەکان بڕژێنە سەر شەقام و داوایان لە حکومەت کرد، رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس بکات. 
 
سوپای ئیسرائیل هەر زوو داوای لێبووردنی کرد و دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکرد.
 
پێشتر حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر 240 کەسی بە بارمتە گرت. دواتر رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
 
لەماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 132 بارمتەی دیکەی لایە.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ئیسرائیل بڵاویکردوونەتەوە، 20 لەو بارمتانەی لەژێر دەستی حەماسدا بوون، گیانیان لەدەستداوە.
 
زیاتر لە نۆ هەفتەیە جەنگی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، نزیکەی 20 هەزار فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە