رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، ئیسرائیل ناتوانێت دووبارە غەززە داگیربکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، قۆناخێکی راگوزەر هەبێت، تاوەکو حکومەتێکی نوێ و دەسەڵاتێکی ئەمنیی نوێ دادەمەزرێندرێت.
رۆژی دووشەممە، 20ـی تشرینی دووەمی 2023، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند "حەماس ناتوانێت لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە، غەززە بەڕێوەببات، هەروەها ئیسرائیلیش ناتوانێت دووبارە غەززە داگیربکاتەوە؛ لەوانەیە پێویست بکات قۆناخی راگوزەر هەبێت، کاتێک کە دووژمنایەتییەکە وەستا، دەبێت قۆناخێکی راگوزەر هەبێت، ئینجا قۆناخێکی راگوزەر بێت بۆ هەڵبژاردنی حکومەتێکی نوێ و هەڵبژاردنی دەسەڵاتێکی ئەمنیی نوێ".
میللەر باسی لە داهاتووی فەلەستینییەکان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا فەلەستینییەکان دەتوانن بڕیار لەسەر داهاتوویان بدەن و گوتی " فەلەستینییەکان خۆیان دەبێت لە باڵاترین پێگەدابن بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ دەبێت سەرکردایەتیی گەلی فەلەستین بکات، ئەوە بڕیارێک نییە ئەمریکا بتوانێت بیدات، یاخود بەسەر گەلی فەلەستیندا بیسەپێنێت، ئەوە بڕیارێک نییە ئیسرائیل بتوانێت بیدات و بەسەر گەلی فەلەستیندا بیسەپێنێت، فەلەستینییەکان وەکو هەر گەلێکی دیکەی ئەم جیهانە، مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لەبارەی داهاتوویان بدەن، لەبەر ئەوە، ئامانجی ئێمە لە کۆتاییدا ئەوەیە؛ دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێت و بتوانن بڕیار لەسەر داهاتوویان بدەن."
میللەر لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداو دەربارەی ئەوەی پێشنیاز کراوە نەتەوە یەکگرتووەکان یاخود هاوپەیمانیی عەرەبی غەززە بەڕێوەببات، گوتی "چەندین پێشنیاز هەن، کە هەندێکیان لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەکانەوە، هەندێکیان لەلایەن ناوچەکەوە و هەندێکیشیان لەلایەن ئەکادیمییەکانەوە باس کراون؛ ئێمە لەسەرەتای دەستپێکردنی گفتوگۆین لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا، نامەوێت لێرەوە باسی بکەم، بەڵام ئەوە بابەتێکە کە گفتوگۆیەکی زۆری لەسەر دەکرێت لەنێوان وڵاتی ئێمە و وڵاتانی دیکە، هەروەک باسم کرد، لەگەڵ فەلەستینییەکان خۆیان، کە پێویستە دەنگی ئەوان لە پێگەیەکی بەرز بێت، لەسەر بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە داهاتوویان چۆن بێت".
گوتەکانی میللەر لەکاتێکدان، میدیای ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، ئەڵمانیا پێشنیازێکی ختسووەتەوە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، غەززە بەڕێوەببات.
بەڵام ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێدا ئاماژەی بەوە کرد، "بەڕێوەبردنی غەززە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چارەسەر نییە".
شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە پێدەنێتە رۆژی 46ـەمینەوە و بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 30 هەزار کەس لە تەواوی کەرتی غەززە برینداربوون و ژمارەی ئەو کەسانەشی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر لە 13 هەزار کەس، لەبەرامبەردا بەپێی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل، لە سەرەتای شەڕەکەوە لە ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ