حیزبوڵڵای لوبنانی: بە درۆن و مووشەک هێرشمان کردە سەر سوپای ئیسرائیل

20-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حیزبوڵڵای لوبنانی رایدەگەیێنێت، بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر سوپای ئیسرائیل لە باکووری ئەو وڵاتە.
 
رۆژی دووشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2023، حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، مووشەکەکانی لە رۆژئاوای کریات شموونا لە باکووری ئیسرائیلەوە ئاڕاستە کردووە.
 
حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوەش دەکات، "مووشەکی بورکان"ـی ئاڕاستەی سوپای ئیسرائیل کردووە و چەند پێگەیەکی سوپای ئەو وڵاتەی پێ کردوونەتە ئامانج.
 
هاوکات، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێدا دەڵێت، سێ درۆن ئاڕاستەی پێگەکانی سوپای ئیسرائیل کراون و هیچ زیانێکیان نەبووە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە درۆنەکان لەکوێوە ئاڕاستە کراون. 
 
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، "بە تانک، فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەری سەربازی ژێرخانی تیرۆری حیزبوڵڵامان لە لوبنان کردووەتە ئامانج".
 
رۆژی 11-11-2023، حەسەن نەسڕوڵڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، لە هەفتەی رابردووەوە، لە بەرەی لوبنانەوە، لە رووی ژمارەی ئۆپەراسیۆن، ئامانج و جۆری چەکەکان، هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل بەهێزکردووە.
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد بزووتنەوە چەکدارە شيعە مەزهەبەکە بۆ یەکەمین جار "مووشەکی بوڕکان"ـی بەکارهێناوە، کە بەگوتەی خۆی دەتوانن "300 بۆ 500 کیلۆگرام تەقەمەنی" هەڵبگرن.
 
لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، واتە دوای هەڵگیرسانی جەنگی سەر غەززە لە ئەنجامی هێرشی حەماس بۆ سەر پێگە ئیسرائیلییەکانی دەوروبەری کەرتە فەلەستینییەکە، هێرشی ناوبەناو لە نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان روویداون و لەوکاتەوەش لانیکەم 90 کەس لە لوبنان کوژران کە 10یان هاووڵاتی سیڤیلن و لە ئیسرائیلیش بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن، شەش سەربازی سوپا کوژراون.
 
شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە پێ دەنێتە رۆژی 45وە، بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 13 هەزار و 300 کەس لە کەرتی ‌غەززە کوژراون و زیاتر لە 30 هەزار کەسیش بریندارن. لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە