رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی فەلەستین رایدەگەیێنن، یەکەمین نەخۆشخانەی مەیدانی لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن ئوردنەوە لە کەرتی غەززە دروستکراوە و ئامانج لە دروستکردنی نەخۆشخانەکەش ئەوەیە هاووڵاتییە بریندارەکان تێیدا چارەسەر وەربگرن.
رۆژی دووشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2023، محەممەد زەقوت، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکانی غەززە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "نەخۆشخانەکە لە شاری خان یونس جێگیر دەکرێت".
نەخۆشخانە ئوردنییەکە زیاتر لە 130 کارمەند و 40 بارهەڵگر کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی لەخۆدەگرێت و لە دەروازەی رەفەحەوە لە میسر دەگوازرێتەوە کەرتی غەززە.
هاوکات، رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، میدیای میسر رایگەیاند، دوای ئەوەی چەند منداڵێکی ناکام لە باکووری غەززەوە لەبەر مەترسیی شەڕ گوازرانەوە باشووری غەززە، ئەمڕۆ گەیێندرانە میسر.
چەند هەفتەیەکە سوپای ئیسرائیل بۆمبارانکردن و ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر کەرتی غەززەی چڕتر کردووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی سووتەمەنی و دەرمانی پێویست نەگاتە نەخۆشخانەکان و بەوهۆیەوە نەخۆشخانەکان نەتوانن لە کارکردن بەردەوام بن.
بەهۆی جەنگەوە، ژێرخانی کەرتی تەندروستیی ئەو ناوچەیە گەورەترین زیانی بەرکەوتووە و لەکۆی 35 نەخۆشخانە 26یان لەکارکەتوون و خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکێش ناکەن، ئەوە جگە لەوەی لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە 87 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن تێکشکێندراون.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە 30 هەزار کەس لە تەواوی کەرتی غەززە بریندار بوون و ژمارەی ئەو کەسانەشی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر لە 13 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ