رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانەی بە بارمتە و دیل گیراون، لە دوای هێرشەکەی حەوتی ئەم مانگە، لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە براونەتە کەرتی غەززە لە ژیاندا ماون.
رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "زۆرینەی بەبارمتەگیراوەکان لەژیاندا ماون، بەشێکیش لەوانەی حەماس بۆ کەرتی غەززە بردوونی لەژیاندا نەمابوون."
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، 20 لەو کەسانەی بەبارمتەگیراون منداڵن و نزیکەی 20 کەسیشیان تەمەنیان سەروو 60 ساڵە، هەروەها هاووڵاتییانی بیانیش لەنێوان گیراوەکاندا هەن.
هەریەکە لە قەتەر، تورکیا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەرجەنتین و ئەڵمانیا رایانگەیاندووە کار بۆ ئازادکردنی بارمتە و دیلەکانی لای بزووتنەوەی حەماس دەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلییانەی حەماس بە بارمتە و بەدیل گرتوونی نزیکەی 200 کەس دەبن و نزیکەی 200 هاووڵاتی ئیسرائیلی دیکەش بێسەروشوێنن.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەشێک لە دیلەکان دوای برینداربوونیان کەوتوونەتە دەست ئەندامانی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئەگەر هەیە ئەو گرووپانە چەند تەرمێکیشیان لەگەڵ خۆیان بردبێت.
بەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند.
بەگوێرەی نوێترین ئامار کە بەرپرسانی تەندروستی غەززە بڵاویانکردووەتەوە، لانیکەم چوار هەزار و 218 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 13 هەزار کەسیش بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی 5 هەزاریشیان بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ