رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

هاووڵاتییەکی فەلەستینی لە کەمپی نوور شام لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە بریندار کراوە. وێنە: AP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی تەندروستیی فەلەستین رایدەگەیێنن، بەهۆی هەڵکوتانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی رۆژئاوای فەلەستین لانیکەم 13 هاووڵاتییان گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوێنێ سوپای داگیرکاری ئیسرائیل لە کەمپی نور شام کۆمەڵکوژی کردووە و 13 کەسیان شەهید کردووە، کە پێنجیان منداڵن."
دوای راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" لە حەوتی ئەم مانگە لەلایەن بزووتنەوەی حەماس و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل جگە لە تۆپبارانکردنی غەززە، کەمپینی گەڕان و دەستگیرکردنی بۆ سەر کەرتی رۆژئاوای فەلەستین دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا 81 هاووڵاتی فەلەستینیش لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا کوژراون.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشێکیان بۆ سەر کەمپی نور شام لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین ئەوانەشی کوژراون بە "ژمارەیەک تیرۆریست" ناوبرد و لەو هەڵمەتەشدا سەربازێکی ئیسرائیلی کوژراوە.
دوای کۆتاییهاتنی شەڕی شەش رۆژەی نێوان ئیسرائیل و سوپای وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 1967 کەرتی رۆژئاوای فەلەستین کەوتە دەست سوپای ئیسرائیل.
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێرە ئاسنینەکانی"ی راگەیاند و دەستی بە بۆردوومانێکی چڕی کەرتی غەززە کردووە.
لە ماوەی دوو هەفتەی شەڕەکەدا نزیکەی 5500 کەس لە هەردوولا کوژراون و نزیکەی 17 هەزار کەسیش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ