رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی غەززە رایدەگەیێنێت، درەنگانێکی شەوی رابردوو کەنیسەیەکی ئۆرسۆدۆکسەکان لەو کەرتە بۆردوومان کراوە و "چەندین کەس" کە لەوێ دەمانەوە، گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی هەینی، 20ـی تشرینی یەکەمی 2023، وەزارەتی ناوخۆی غەززە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێرش کراوەتە سەر کەنیسەی پۆرفۆرییەسی ئۆرسۆدۆکسەکان لە شاری غەززە و بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵک شەهید و برینداربوون".
بەرپرسانی غەززە ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکە کوژراو و برینداربوون ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە 500 ئاوارە لە کەنیسەکەدا نیشتەجێ کرابوون.
هاوکات، بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی غەززە کە لەوێوە مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراوە و گوتیشی: "لە ئەنجامی هێرشەکەی بەرگریی ئیسرائیل دیواری کەنیسەیەک رووخاوە و زیانی بەرکەوتووە؛ ئێمە ئەگاداری ئەو راپۆرتانەیەن کە باس لە قوربانییەکان دەکەن و رووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".
تەندروستیی غەززە رۆژی 17-10-2023 بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب (مەعمەدانی) لە کەرتی غەززە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە لانیکەم 471 کەس گیانیان لەدەستدا. ئەو کەسانەی کوژراون، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە و لەوێ دەمانەوە. بەڵام هێزی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئەو هەموو خەڵکە لە ئەنجامی مووشەکێکی گرووپی جیهادی ئیسلامی کوژراون، گرووپەکەش دەنگۆکانی رەتکردووەتەوە.
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند.
رۆژی چوارشەممە، 18-10-2023، تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوان لە شەڕی نێوان غەززە و ئیسرائیلدا گەیشتووەتە چوار هەزار کەس و زیاتر لە 12 هەزار کەسیش برینداربوون. هاوکات، بەرپرسانی ئیسرائیلیش بڵاویانکردەوە، بەهۆی تۆپباران و مووشەکەکانی حەماسەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 403 کەس کوژراون و نزیکەی سێ هەزار و 800 کەسیش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ