رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیا لە "پاڵپشتیکردنی گەلی سووریا" دەکات و دەشڵێت، پاڵپشتیکردنی ئەڵمانیا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە"بەها" دادەنێت.
رۆژی دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازیم لە دکتۆر تۆبیاس تونکڵ، بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کرد".
مەزڵووم عەبدی دەشڵێت: "هەڵوێستی پاڵپشتیکارانەی ئەڵمانیا لە پشتگیریکردنی گەلی سووریا بۆ بنیاتنانی دەوڵەتەکە لەسەر بنەمای ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی و پێویستی بەشداریکردنی سورییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان، جێگەی پێشوازی و رێزلێنانێکی گەورەیە".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە سوپاسی پاڵپشتی ئەڵمانیای کرد لە هەسەدە بۆ رووبەڕووبوونەوی تیرۆر و گوتی: "رۆڵی ئەڵمانیا لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانمان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندڕۆیی بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی گەش بۆ هەموو سووریاییەکان بە بەها دادەنێم."
بەرپرسە ئەڵمانییەکە دوێنێ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: "لەگەڵ مەزڵووم عەبدی گفتوگۆمان لەبارەی ئەو پرسە هەنووکەییانە کرد کە دەبێت لە پەیوەندییە راستەوخۆکانی نێوان دەستەی تەحریری شام و هەسەدە چارەسەر بکرێن."
تونکڵ گوتیشی: "دەتوانرێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کوردی سووریا لە دیالۆگی نێوخۆیی سووریا لەگەڵ دیمەشق بە باشترین شێوە بپارێزرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ