ئیسرائیل پێگەیەکی سوپای سووریا لە جۆلان بۆردوومان دەکات

19-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل پێگەیەکی سوپای سووریای لە ناوچەی قونەیتەرە لە بەرزاییەکانی جۆلان کردە ئامانج. سەرچاوە خۆجێیەکانیش لە سووریا دەڵێن هێرشەکە تەنیا زیانی ماددی هەبووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023، سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاند، "دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل پێگەیەکی سوپای سووریای لە ناوچەی قونەیتەرە کردووەتە ئامانج، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەکە بیستراوە. هێرشەکە تەنیا زیانی ماددی هەبووە و هیچ کەسێک لە هێرشەکە گیانی لەدەست نەداوە.''
 
هاوکات، سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر چەند "پێگەیەکی تیرۆریستانی حیزبوڵڵا" لە لوبنان، کە دەکەوێتە سەر سنووری بەرزاییەکانی جۆلان. 
 
لە یەکەم رۆژی هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی ئەم مانگەوە ئاڵۆزی لەنێوان چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل لەسەر سنوورەکانی لوبنان زیادکردووە و ئیسرائیل چەکدارانی حیزبوڵڵا بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەیانەوێت دزە بکەنە نێو ئیسرائیل و بەوهۆیەوە پێگەکانی لە ناوچەکە بەئامانج دەگرێت.
 
لە 10ـی ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی سوپای سووریا. رۆژی 12ـی ئەم مانگەش سوپای ئیسرائیل فڕۆکەخانەکانی حەلەب و دیمەشقی کردە ئامانج. 

 

 

شوێنی هەڵکەوتەی جوگرافیی بەرزاییەکانی جۆلان لەسەر نەخشە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە