حووسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر دوو کەشتی

18-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حووسییەکان دەڵێن، لە کەناراوەکانی یەمەنەوە، لەنێو دەریای سوور هێرشیان کردووەتە سەر "دوو کەشتی پەیوەندیدار بە ئیسرائیل"ـەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، "هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆسەر دوو کەشتی سەر بە قەوارەی زایۆنی ئەنجام دا".
 
یەکێک لەو کەشتییانەی ‌‌هێرشی کراوەتە سەر کەشتییەکی نەرویجییە؛ دوای هێرشەکەش راگەیێندراوێک لەلایەن کۆمپانیای خاوەندارێتی کەشتییەکە بڵاوکرایەوە و رایگەیاند، "بە خۆشحاڵییەوە، هیچ کەسێک لە کارمەندانی سەر کەشتییەکە بریندار نەبوون؛ هەواڵەکان ئەوە دەردەخەن کە کەشتییەکە هەندێک زیانی بەرکەوتووە".
 
کۆمپانیای خاوەنداری کەشتییە نەرویجییەکە رەتیکرەوە کە کەشتییەکە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەبێت و گوتی، "کەشتییەکەمان هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسرائیلەوە نییە".
 
حووسییەکان بەشێکی گەورەی یەمەنیان بەدەستەوەیە و دەڵێن، وەک گوشارێک لەسەر ئیسرائیل، هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییانەی سەر بە ئیسرائیلن یان بۆ ئیسرائیل دەڕۆن.
 
لە دوو مانگی رابردوودا حووسییەکان چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک کەشتی لەنێو دەریای سوور. وەک ئەنجامی ئەوەش رۆژی 18-12-2023، گەورە کۆمپانیای نەوتی بەریتانی بی پی بڕیاریدا گەشتی هەموو کەشتییەکانی لە دەریای سوور رابگرێت.
 
رۆژی 15-12-2023ش دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، "بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەنەوە گەشتی کەشتییەکانیان لە دەریای سوورەوە وەستاندووە". 
 
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە