رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی شەش هەفتەیە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە بەردەوامە. دۆخی کەرتی غەززە تاوەکو دێت خراپتر دەبێت و هاووڵاتیی زیاتر ئاوارە دەبن. بەرپرسانی رێکخراوی خۆراکی جیهانی، هۆشداری لەبارەی سیستمی خۆراکی کەرتەکە دەدەن دەڵێت، لە لێواری داڕوخاندایە.
سامر عەبدولجەبار، بەڕێوەبەری نووسینگەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە فەلەستین دەڵێت، "خەڵک برسین؛ لە غەززە خەڵک ئەگەر بەختیان هەبێت رۆژانە یەک ژەمییان هەیە. کەمیی سووتەمەنی و پچڕانی پەیوەندی، خەریکە کارەکانمان لە غەززە پەکدەخات".
دۆخەکە بەجۆرێک خراپە، تەنیا 10٪ـی ئەو خۆراکەی کە پێویستە دەچێتە نێو غەززە، رێکخراوی جیهانیی خۆراکیش دەڵێت، هەموو دانیشتووانی غەززە پێویستییان بە هاوکاریی خۆراکە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەش، رێکخراوی خۆراکی جیهانی ئاشکرای کرد، سەرجەم نانەواخانەکانی غەززە کە ژمارەیان 130 نانەواخانەیە، بەهۆی نەمانی سووتەمەنییەوە داخراون و بەمەش قەیرانی خۆراکی کەرتەکە قووڵتر بووەوە.
تەنیا 25٪ـی ئەو دووکانانەی کە رێکخراوی خۆراکی جیهانی گرێبەستی لەگەڵ کردوون، بە کراوەیی ماونەتەوە و هەندێکیشیان خۆراکیان تەواو بووە. بازاڕە ناوخۆییەکانیش بە تەواوی داخراون.
عەلا یونس، هاووڵاتیی فەلەستینی گوتی، "بڵاوی بکەنەوە و با هەموو جیهان گویێ لێبێت، ئێمە برسین و دەمانەوێت خواردن بخۆین؛ منداڵمان هەیە، هاوژینەکەم پەستانی خوێنی هەیە و دەبێت نان بخوات، تەنانەت پارچە نانێکیش نییە کە بیدەمێ".
لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەس لە غەززە ئاوارەبوون و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر دۆخی غەززە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا کەرتەکە رووبەڕووی قەیرانی مرۆیی دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ