ئیسرائیل ئاهەنگ بۆ سەربازانی سوپاکەی رێکدەخات

18-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ئۆفاکیم لە نزیک سنوورەکانی غەززە، تەنیا بە دووریی 12 کیلۆمەتر لە غەززە، پێش ئەوەی سەربازانی سوپای ئیسرائیل بەرەو بەرەکانی پێشەوەی شەڕی حەماس بەڕێبکەون، لەلایەن سوپاوە فێستیڤاڵێکیان بۆ رێکخرا.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا خواردن پێشکێشی سەربازەکان کرا، قژیان بۆ چاک کرا و مۆبایلەکانیان بارگاوی کرانەوە.
 
سەربازێکی یەدەگی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "ئێستا لە پرسەی هاوڕێیەکمان هاتووینەوە و دەستبەجێ هاتینە ئێرە و لێرە بۆ دوو کاژێر پشوو دەدەین، دووبارە دەگەڕێینەوە بۆ ئەرکەکانمان لە بەرەکانی جەنگ."
 
دوای ئەوەی سەربازەکانی ئیسرائیل پشوویان وەرگرت، بەرەو بەرەکانی شەڕ بەڕێکەوتن. بەشێکی زۆری ئەو سەربازانە، سەربازی یەدەگن و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بەرگری لە وڵاتەکەیان دەکەن.
 
لەگەڵ راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی بزووتنەوەی حەماس دژی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەری، سوپای ئیسرائیل داوای لە نزیکەی 360 هەزار سەربازی یەدەگ کردووە بگەڕێنەوە ریزی سوپا و بەشداریی شەڕی دژی حەماس بکەن.
 
سەربازێکی دیکەی یەدەگی سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، "بەرگری لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەم، هەموو هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی؛ من هیچ جیاوازییەک لەنێوان جووەکان، عەرەبەکان و موسڵمانەکان ناکەم و هەموویان هاووڵاتیی ئیسرائیلین، لەبەر ئەوەشە سوپای ئیسرائیل بە سوپای بەرگری ناودەبرێت."
 
ئیسرائیل 165 هەزار و 500 سەربازی چالاک و 465 هەزار سەربازی یەدەگی هەیە. خزمەتی سەربازی لە ئیسرائیل ناچارییە و هەموو کەسێك کە تەمەنی دەگاتە 18 ساڵ، دەبێت بچێتە ریزی سوپا و تاوەکو تەمەنی 40 ساڵیش هەر کاتێک کە سوپا پێویستی پێیان بوو، دەبێت ئامادەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە