رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی نێوەڕاستی کەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراوە، هاووڵاتییان و هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە ژێر دارووپەردووی خانووە رووخاوەکاندا تەرمەکان دەردەهێنن.
رامی عەلی، کارمەندی هێزەکانی بەرگریی شارستانیی غەززەیە و دەڵێت، "کاری لەپێشینەمان ئەوەیە، دوای بۆردوومان سەرەتا بەدوای ئەو کەسانەدا بگەڕێین کە لە ژیاندا ماون، نەوەک شەهیدەکان. دوای ئەوەی ئەو کەسانەمان دۆزییەوە کە لە ژیاندا ماون، ئینجا شوێنەکە پاکدەکەینەوە و بەدوای شەهیدەکاندا دەگەڕێین".
بەرپرسانی بەرگریی شارستانی غەززە ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 41 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی لە غەززە بۆردوومان کردووە و زیاتر لە 220 هەزار خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون لە کەرتەکە وێرانبوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە دوو هەزار و 700 کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانی غەززەدا ماون و بەشی زۆریشیان منداڵن.
حاتم عەبدۆ، هاووڵاتی فەلەستینی دەڵێت، "ئەو کێشە سەرەکییەی کە ئێمە لە دوای بۆمببارانکردنی ناوچەکە رووبەڕووی دەبینەوە ئەوەیە کە ئامێر و کەلوپەلی پێویستمان نییە؛ ئێمە دە رۆژە خەریکی گەڕانین بەدوای لاشەی ئەوانەی کە شەهید بوون و ناتوانین بیاندۆزینەوە".
بەگوێرەی دوایین ئاماری تەندروستی غەززە، لە سەرەتای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، نزیکەی 11,500 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 29 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ