رووداو دیجیتاڵ
باران و سەرما دۆخی ئاوارەکانی لە شاری رەفەحی غەززە هێندەی دیکە سەخت کردووە. خەڵکی بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە ناچارن بۆ ئامادەکردنی خواردن دار بسووتێنن.
حازم ئەلقەرنی، هاووڵاتی فەلەستینی دەڵێت، "ئێمە ئاوارەبووین و هاتینە رەفەح، لەو قوتابخانەیە جێگیر کراین؛ هیچ پێخەفێکمان نییە و باران دێتە نێو خێوەتەکانمان. رۆژانە بە دار خواردن ئامادە دەکەین، ژیانمان وێران بووە، خواردن و ئاوی پاکی خواردنەوەمان نییە".
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، بەهۆی زۆری ژمارەی ئاوارەکان لەنێو کەمپەکان و نەبوونی مەرجی تەندروستی تێیاندا، زیاتر لە 30 هەزار کەس لە ئاوارەکانی غەززە تووشی سکچوون بوونە.
کارەبای تەواوی کەرتەکە بڕاوە و نەبوونی کارەبا و سووتەمەنی، نەخۆشخانەکانی رووبەڕووی داخستن کردوونەتەوە.
دوای نزیکەی شەش هەفتە لە جەنگ، رۆژی چوارشەممە ئیسرائیل رێگەیدا یەکەم کاروانی سووتەمەنی لەرێگەی دەروازەی رەفەحەوە لە میسر بگاتە کەرتی غەززە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو سووتەمەنییەی گەیشتووەتە غەززە تەنیا 9٪ـی پێداویستییەکان پڕدەکاتەوە.
ئوسامە فەوزی، هاووڵاتی فەلەستینی دەڵێت: "ئێمە دۆخێکی خراپمان هەیە و باران دۆخەکەی خراپتر کردین. پێداویستییە سەرەتاییەکانمان نییە، تەنانەت رێکخراوە مرۆییەکانیش هاوکاریمان پێشکەش ناکەن، دەبێت داواکاری پێشکەش بە رێکخراوە مرۆییەکان بکەین بۆ ئەوەی خواردن و چادرمان پێبدەن و ئەوەش پێویستی بە چەند رۆژێک هەیە".
لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کەس لە غەززە ئاوارەبوون و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر دۆخی غەززە بەوشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا ئەوا قەیرانی مرۆیی رووبەڕووی کەرتەکە دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ