رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ حەماس "شەڕی مان و نەمانە" و هۆشداریش بە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی دەدات، خۆیان لە شەڕەکە نەگلێنن و ئیسرائیل تاقینەکەنەوە.
رۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەی (کنێست) گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی: "ئێمە دەیبەینەوە، لەبەرئەوەی بوونی ئێمە لێرە لە مەترسیدایە، حەماس نازییە و شەڕی ئێمە لەگەڵیان شەڕی نێوان تاریکی و رووناکییە، شەڕی نێوان مرۆڤایەتی و وەحشیگەرییە".
نەتەنیاهوو هۆشداریی دایە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی و گوتی: "من بە ئێران و حیزبوڵڵا دەڵێم تاقیمان نەکەنەوە، ئەگەر نا باجێکی زۆر قورس دەدەن".
ئێران بەردەوام پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس کردووە، بەڵام رەتیدەکاتەوە ئاگاداری هێرشەکەی 7ی ئەم مانگەی سەر ئیسرائیل بووێت.
رۆژی هەینی، 13-10-2023، نەعیم قاسم، جێگری سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا ئامادەیی حیزبەکەی بۆ بەشداریکردنی شەڕی دژی ئیسرائیل راگەیاند و گوتی: "ئێمە بە تەواوەتی ئامادەین، هەروەها لەکاتێکی گونجاویشدا بە کردار ئامادەین".
رۆژی 12ـی ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە گومانیان هەیە لەوەی چەکدارانی حیزبوڵڵا هەوڵی دزەکردنیان دابێت بۆ نێو ئیسرائیل و دوای ئەوەش چەندین جار پێگەکانی حیزبوڵڵای لە سنووری لوبنان تۆپباران کردووە.
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەروو هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و لانیکەم 3 هەزار و 400 کەس بریندارن.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستینی ئاماژە بەوە دەکات، تائێستا لانیکەم 2 هەزار و 750 کەس لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون و 9 هەزار و 700 کەسی دیکە بریندار بوون. 54 کەسیش لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون و هەزار و 114 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ