رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل تاوتوێ دەکات. بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، پڕۆژەیەکی رووسیا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە تاوتوێ دەکرێت.
رۆژی دووشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی غەززە دەکات و رووسیاش لە پڕۆژەیەکدا داوای "گەیاندنی هاوکاری بێبەربەست" بۆ کەرتی غەززە و "دەستبەجێ" راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەکات.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، رۆژی 13-10-2023، بەرازیل داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کرد کە تێیدا شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل تاوتوێ بکرێت.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، لە 15 ئەندام پێکدێت، کە پێنجیان ئەندامی هەمیشەیی و نەگۆڕن و بریتیین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنسا و رووسیا. 10 ئەندامەکەی دیکە هەموو دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن. ئەندامانی ئێستا بریتیین لە گابۆن، غانا، کینیا، ئیمارات، هیندستان، ئەلبانیا، بەرازیل، مەکسیک، ئایرلاند و نەرویج. ئێستا بەرازیل سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکات.
بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەروو هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە کوژراون و لانیکەم سێ هەزار و 400 کەس برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا لانیکەم دوو هەزار و 750 کەس لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون و نۆ هەزار و 700 کەسی دیکە بریندار بوون، 54 کەسیش لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون و هەزار و 114 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ