رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەڵەبجە دەڵێت، لە پێنج یان شەش رۆژی داهاتوودا ئەو حاجییانەی لە رێگەی وشکانییەوە چوونەتە سعودیە دەگەڕێنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لیژنەی باڵای فەتوا داوای لە حاجییان کردووە لە شوێنی خۆیان قوربانی بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-06-2024، ئارام شێخ جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی پارێزگای هەڵەبجە کە هاوکات سەرپەرشتی حاجییانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینە بۆ حەجی ئەم ساڵ، لە شاری مەککەوە میوانی بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد.
ئارام شێخ جەمال لەبارەی حەجی ئەم ساڵەوە رایگەیاند: ''تاوەکو ئێستا پرۆسەکە زۆر سەرکەوتوو بووە. ئەمڕۆ حاجییان ئەرکی رۆژی یەکەمی حەجکردنیان جێبەجێکرد و گەڕانەوە شوێنی خۆیان.''
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەڵەبجە گوتی: ''دوێنێ بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێکەوتین و تاوەکو نوێژی شێوان لەوێ بووین و دواتر دەرچووین بۆ موزدەلیفە و تاوەکو درەنگانی شەو لەوێ ماینەوە، دواتر هاتینەوە مینا، چووین بۆ بەردبارانکردن و پاشان تەوافمان کرد".
کێوی عەرەفە دەکەوێتە 20 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی مەککە و بە کێوی 'رەحمە' یاخود میهرەبانی ناسراوە و بە کرۆکی بەجێگەیاندنی فەریزی حەج دادەندرێت.
ئەوەی کە پەیوەندی بە قوربانییەوە هەیە، ئارام شێخ جەمال گوتی، لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان داوای لە حاجییان کردووە قوربانییەکە لە هەرێمی کوردستان بکەن.
سەرپەرشتیاری حاجییانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین گوتیشی: ''حاجییان ئازادن و دەتوانن قوربانییەکە لە سعودیە بێت یان لە وڵاتی خۆیان بیکەن. دەکرێت هەر حاجییەک کەسێک بکاتە نوێنەری خۆی بۆئەوەی قوربانییەکە لە زێدی خۆی بکرێت".
لە هەرێمی کوردستانەوە 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی حەج. جگە لەو ژمارەیە، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی بە "ڤیزەی یەک ساڵی" بە هەمان ئامانج چوونەتە سعودیە. بەگوتەی ئارام شێخ جەمال، مامەڵەی ئەوان تەنیا لەگەڵ ئەو حاجییانەدا دەبێت کە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەجەوە چوونەتە سعودیە.
ئەم ساڵ 1460 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی چوونەتە سعودیە. بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەڵەبجە دەڵێت: ''لە پێنج یان شەش رۆژی داهاتوودا ئەو حاجییانەی بە رێگەی وشکانی هاتوون [بۆ سعودیە]، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، شوێن و جێگەی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە مەککە ''زۆر باش''ـە و سەرجەم حاجییان لە شوێنی خۆیان رازین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ