حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور هێرشیانکردە سەر کەشتییەک

15-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ئەمریکا رایدەگەیێنن، حووسییەکانی یەمەن هێرشیانکردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە دەریای سووردا، بەوهۆیەوە کەشتییەکە ئاگری گرتووە، بەڵام هیچ کەسێکی نێو کەشتییە زیانی پێنەگەیشتووە.
 
رۆژی هەینی 15ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "ئاگاداری ئەوەین کە لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانەوە لە یەمەن هێرشکراوەتە سەر کەشتییەک لە دەریای سوور و کەشتییەکە ئاگری گرتووە."
 
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، کەشتییەکە ئاڵای لیبێریای لەسەر بووە. 
 
حووسییەکان کە بە هێزێکی پاڵپشتیکراوی نزیک لە ئێران دادەندرێن و بەشێکی زۆری خاکی یەمەنیان لەژێر دەستە، دەڵێن کە ئامانجیان لە هێرشکردن و کردنە ئامانجی کەشتییەکان بۆ ئەوەیە کە گوشار لەسەر ئیسرائیل دروست بکەن بۆ ئەوەی هێرشی سەر غەززە بوەستێنێت. 
 
هاوکات، جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، کە بە سەردانێک لە تێلئەڤیڤی ئیسرائیلە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەو چەکانەی کە حووسییەکان دەیتەقێنن، لەلایەن ئێرانەوە بۆیان دابینکراوە."
 
کۆمپانیای Ambrey کە کۆمپانیایەکی هەواڵگریی تایبەت بە ئاسایشی دەریاییە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی، خاوەندارییەتی دەکرێت. 
 
کۆمپانیای Hapag-Lioyd کە خاوەندارییەتی کەشتییەکە دەکات لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکە لە یۆنانەوە بەرەو سەنگاپوور بەڕێکەوتووە و لە رێگەدا هێرشی کراوەتەسەر. 
 
رۆژی 27-11-2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە، کە چوونەتە سەر کەشییەکی ئیسرائیلی لە کەناراوەکانی یەمەن، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو پێنج کەسە خەڵکی سۆماڵن.
 
پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدات، ئەو چەکدارانە چوونەتە سەر کەشتییەکە بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی و توانیویانە بگەنە ژووری کۆنترۆڵی کەشتییەکە، کەشتیوانەکان توانیویانە خۆیان لەنێو کەشتییەکەدا بشارنەوە.
 
پاتریک رایدەر گوتی، ''لەوکاتەی ئەو کەسانە هەوڵیانداوە دەستبەسەر کەشتییەکەدا بگرن، دوو مووشەکی بالیستی لەو ناوچەیە تەقێندراون، کە لە ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانی یەمەندایە.''
 
هەروەها رۆژی 23-11-2023، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، کەشتیێکی ئەمریکی لە دەریای سوور بووە و ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێکشاندووە، کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە لەو ناوچانەی حووسییەکانی یەمەن کۆنترۆڵیان بەسەریانەوە هەیە، ئاراستەکراون.
 
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە