رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، بارمتەیەکیان بە مردوویی لە غەززە دۆزیوەتەوە. بارمتەکە بە رەچەڵەک فەرەنسییە و تەرمەکەی گواستراوەتەوە ئیسرائیل.
رۆژی هەینی، 15ـی کانوونی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەکاتی ئۆپەراسیۆنێک لە غەززە، ئیلیا تۆلێدانۆ بە مردوویی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دۆزراوەتەوە و گەڕێندراوەتەوە ئیسرائیل".
هاوکات، کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئیلیا کرد و گوتی: "ئێمە بەشداری لە خەم و پەژارەی خێزانی ئەو بارمتەیە دەکەین؛ ئازادکردنی هەموو بارمتەکەکان کاری لەپێشێنەمانە".
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل تاوەکو ئێستا 132 بارمتە لەژێر دەستی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسدا ماون.
لەدوای هێرشە زەوینییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەوە دووەم بارمتەیە بە مردوویی دەدۆزرێتەوە. رۆژی 16-11-2023 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە بارمتەیەکیان بەناوی یەهودیت وێیز، کە ژنێکی تەمەن 65 ساڵ بوو، لە نزیک نەخۆشخانەی شیفا بە مردوویی دۆزیوەتەوە.
هەفتەی رابردوو، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل رایگەیاند کە دەست بە گفتوگۆ ناکەن لەگەڵ حەماس بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکەن و ئەوەش ناڕەزایەتی کەسوکاری بارمتەکانی لێکەوتەوە و داوایان لە بەرپرسانی ئیسرائیل کرد روونکردنەوەیان لەسەر ئەوە پێبدات.
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لەماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 132 بارمتەی دیکەی لایە.
زیاتر لە دوو مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنینی"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، نزیکەی 19 هەزار فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ