رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ئەو سەربازە ئیسرائیلییەی لەنێو مزگەوتێکی فەلەستین نزای تایبەت بە جووەکان دەڵێتەوە.
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، سەربازێکی ئیسرائیل لە بڵندگۆی مزگەوتێکی شاری جنین لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین نزای ئایینی جووەکان دەڵێتەوە، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.
گرتە ڤیدیۆکە کاتێک تۆمارکراوە کە سوپای ئیسرائیل لە هەڵمەتێکی سێ رۆژیدا هەڵدەکوتنە سەر کەرتی رۆژئاوای فەلەستین. بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە بزووتنەوەی حەماس لە هەڵمەتەدا سوپای ئیسرائیل 12 هاووڵاتی فەلەستینی دەکوژن.
دوای ئەوەش، یەکێک لە سەربازەکانی سوپای ئیسرائیل دەچێتە نێو مزگەوتێکی شاری جنین و لە بڵندگۆی مزگەوتەکە سرووتی "شەما" دەڵێتەوە کە سروودێکی تایبەتی جووەکانە و وەکو نەریتێکی ئایینی رۆژانە سرووتەکە دەڵێنەوە.
رووداوەکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەوەی ئەو سەربازە کردوویەتی گاڵتەکردنە بە پیرۆزییە ئاینییەکان".
سوپای ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەڵسوکەوتی ئەو سەربازانەی ناو گرتە ڤیدیۆکە بەتەواوەتی دژی بەهاکانی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیلە و سەربازەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".
ئەمریکاش سەرکۆنەی رەفتاری ئەو سەربازە ئیسرائیلییەی کرد، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "رەفتاری ئەو سەربازە گونجاو نییە و ئێمە بووین کە ئەو راپۆرتەمان بینی".
زیاتر لە دوو مانگە جەنگی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، نزیکەی 19 هەزار فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ