رووداو - بەیرووت
لە رۆژی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووتی پایتەختی لوبناندا کە لە یادگاریی خەڵکی ئەو وڵاتەدا بووە رووداوێکی تاڵ، بووک و زاوایەک لە کۆڵانێکی نزیک لەو ناوچەیە خەریکی وێنەگرتنی شیرینترین رۆژی ژیانیان بوون کە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان بوو و بەو هۆیەوە بە سووکی بریندار بوون. ڤیدیۆی ساتی ئامادەکارییان بۆ ئاهەنگەکە و تەقینەوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە فراوانی بڵاو بووەوە.
ئەمین و هەنا کە هەردووکیان 28 ساڵن، دوای ئەو رووداوە و لە رۆژی لەدایکبوونی هەنادا چوونەتەوە هەمان شوێنی وێنەگرتنەکەیان و ئەو یادگارییە تاڵ و شیرینە بە بیر خۆیان دەهێننەوە.
ئەمین شەملی، کارمەندی زانکۆی ئەمریکییە لە بەیرووت و لەبارەی ساتی تەقینەوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرەتا چاوی خۆم پاراست، بەڵام دواتر ویستم ببینم، چونکە دوای تەقینەوەکە پێویستم بەوە بوو ببینم بۆ ئەوەی هەڵبێم ... وام کرد و پاراستم. لەو کاتەدا هەموو شووشەکان بەر پشتی من کەوتن. ئێمە دوو دەستپێکمان هەبوو: دەستپێکی ژیانێکی نوێ و دەستپێکی ژیانی هاوژینی".
هەنا فانوس، کارمەندی زانکۆی ئەمریکییە لە بەیرووت و دەڵێت، "رەنگی سپی بووە خۆڵەمێشی. ئەو باش بوو، منیش باش بووم. ئەو هەندێک زیانی بەرکەوت، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئێمە باشین و هێشتا لە ژیانداین".
ئەو شوێنەی ئەوان وێنەیان تێدا دەگرت لە بەیرووت بە شوێنی بووك و زاواكان ناسراوە. بەردەوام لەوێ وێنە و ڤیدیۆی هاوسەرگیری تۆمار دەکرێت.
ئەمین و هەنایش دوای چوار-پێنج كاژێر لە ئاهەنگەکەیان چوونەتە دواین وێستگە بۆ تۆماری ڤیدیۆیەك، بڕیار وابووە دواتر بەرەو ماڵ بگەڕێنەوە، بەڵام تەقینەوەکە روویداوە و بە چەند برینێكی سووك ڕزگاریان بووە.
ئەمین شەملی دەڵێت، "وەک دەڵێم بەرنامەمان ئەوەیە پێکەوەبین و پاڵپشتی یەکتر دەبین. پێموانییە بتوانم لە لوبنان دووربکەمەوە".
هەنا فانوسیش دەڵێت، "لە رووی هەستەوە هەندێک زیانمان بەرکەوت، چونکە زۆر چیرۆکی تێکدا و تێکیداین. لە هەمان کاتدا هەندێک کەس هەن ئەوە بەهێزی کردن، بەڵام ئێمە هێشتا دەبێت پێشبکەوین و باشتربین بەتایبەت بۆ وڵاتەکەمان، چونکە ئێمە دەمانەوێت بژیین، دەمانەوێت ژیانێکی باشترمان هەبێت لەوەی کە ئێستا تێیدا دەژیین".
تەقینەوەكەی بەندەری بەیرووت نەك هەر بۆ ئەمین و هەنا، بەڵكو بۆ هەموو لوبنان و بەیرووتییەكان شۆكێكی گەورە بوو و زیاتر لە 300 هەزار كەسی بێماڵوحاڵ كرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ