نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ دراوسێکانی

15-02-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، قەبارەی ئاڵوگۆڕی ساڵانەی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە، کە 60٪ـی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی وڵاتانی دراوسێی.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 15-02-2025) هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێرانی (ئیسنا) بڵاو کراوەتەوە، تێیدا تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی هاوبەش لەنێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و ئێران کراوە.
 
بەگوێرەی ئیسنا، نێچیرڤان بارزانی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کردووە و رایگەیاندووە ''ئیرادەی هاوبەش و ویستی زۆر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان هەیە، بەڵام بێگومان هەندێک کۆسپ و بەربەست لە سەر رێگەی ئەو ویستە گرانبەهایە، گرفتیان دروست کردووە.''
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرفتەکانەوە دەڵێت، ''ژمارەیەک بەربەستی لۆجیستی لە دەروازە سنوورییەکان هەن. دەبێت هەردوولا، بۆ خێراترکردن و ئاسانکاریی کاروباری گومرگ، جووڵەی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کاڵاکان لە دەروازە سنوورییەکانەوە رێکارەکان بگرنەبەر.''
 
نێچیرڤان بارزانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا، چالاکیی کەرتی تایبەت بە پێویست دەزانێت و دەڵێت، ''دەبێت لە هەردوولا، کەرتی تایبەت زیاتر چالاک بکرێت و ئاسانکارییان بۆ بکرێت، پاڵپشتیی پێویستیان لێبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن چالاکتر و کاریگەرتر رۆڵی خۆیان بگێڕن.''

دەقی هەڤپەیڤینەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیسنا، بەو جۆرەی بڵاوکراوەتەوە: 

پرسیار: سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان چ کاریگەرییەکی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، کولتووری و ئەمنییەکانی تاران و هەولێر هەبوو؟
 
نێچیرڤان بارزانی: کۆماری ئیسلامیی ئێران، دراوسێی عێراق و هەرێمی کوردستانە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵ ئێران دا هەیە. سەردانی بەڕێز پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان و بەر لەویش، سەردانی من بۆ تاران و دیدار لەگەڵ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها بەرپرسانی باڵای وڵات، قۆناخ و [هەڵدانەوەی] لاپەڕەیەکی نوێ بوو لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان. سەردانەکەی د. پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان جێگەی دڵخۆشیی ئێمە بوو و جەختکردنەوە بوو لە پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوانمان. ئەو بابەتە هۆکارێک بوو بۆ بەهێزترکردنی هاوکارییە هەمەلایەنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. تایبەتتر، بۆ گفتوگۆی نێوان عێراق و ئێران بۆ دڵنیابوونەوەی هەرچی زیاترە لە وەدیهێنانی سەقامگیری و ئارامیی سنوورەکان و بەگشتی ناوچەکە، جێگەی بایەخ بوو.
لە بواری ئابووریشەوە، چۆنیەتیی ئاڵوگۆڕ و پەرەپێدانی هاوردەکردن و هەناردەکردنی کاڵای بازرگانی لەنێوان هەردوولا و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ هاوکاری و بەرهەمهێنانی هاوبەش لە کەرتی جیاجیادا خرانە بەر باس. لە بواری کولتووری، گرنگییەکی هاوبەش بە پەرەپێدانی هاوکاریی زانکۆکان، هاوکاریی زانستی [دەدرێت]، هەروەها ئاڵوگۆڕ و پەیوەندیی کولتووری لەنێوان دامودەزگا و دامەزراوەکانی پەیوەندیداری هەردوولا هەیە.
هەروەها لە بواری ئەمنییەوە جەخت لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری، ئارامیی سنوورە هاوبەشەکان، هاوئاهەنگی و هەوڵی هەرچی زیاترە لە بەرامبەر مەترسی و هەڕەشە ئەمنییەکان کرایەوە، بە شێوەیەک لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەردوولایەن بێت.
 
پرسیار: ئەو رێککەوتنانەی لە سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان کران، تاوەکو چەند جێبەجێکراون؟ چۆن بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت؟
 
نێچیرڤان بارزانی: دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی عێراق و ئێران سەرقاڵی چاودێری و بەدواداچوونن بۆ چۆنیێتیی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانە کە لە بواری جیاجیا دا کراون، وەک ئابووری، ئەمنی یان هاوکارییە کولتوورییەکان.
ساڵانە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە کە 60٪ـی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت. دەمانەوێت ئەوەندەی لە دەستمان دێت و دەستوور و یاساکانی عێراق رێگەمان پێدەدات، ئەو بڕە [ئاڵوگۆڕی بازرگانی] زیاتر بکەین. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە گرنگە، رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر و لەوبارەوە ئاسانکاریی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەبەرچاو دەگرین.
 
لەبارەی هاوکاریی ئەمنیش، سەبارەت بە رێککەوتننامەی عێراق و ئێران، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا، هاوئاهەنگیی بەردەوام لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەغدا هەیە. لەگەڵ هەموو ئەوانە، بە پابەندبوون و دڵنیاییەکی تەواو، رێگە نادرێت لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هیچ شتێک هەڕەشە لە ئاسایش و ئارامیی ئێران بکات.
 
پرسیار: بە لەبەرچاوگرتنی ویستی دوولایەنە بۆ پەرەپیدانی پەیوەندییەکان، بەربەستەکانی بەردەم ئەو هەنگاوە چین؟
 
نێچیرڤان بارزانی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتە، لە هەردوولاوە ئیرادەی هاوبەش و ویستی زۆر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان هەیە، بەڵام بێگومان هەندێک کۆسپ و بەربەست لە سەر رێگەی ئەو ویستە گرانبەهایە گرفتیان دروست کردووە، بۆ نموونە ژمارەیەک بەربەستی لۆجیستی لە دەروازە سنوورییەکان هەن. دەبێت هەردوولا، رێکارەکانی خێراترکردن و ئاسانکاری لە بواری گومرک، جووڵەی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کاڵا لە دەروازە سنوورییەکان لەبەرچاو بگرن؛ هەروەها دەبێت لە هەردوولا، کەرتی تایبەت زیاتر چالاک بکرێت و ئاسانکارییان بۆ بکرێت، پاڵپشتیی پێویستیان لێبکرێت بۆ ئەوەی بتوانن چالاکتر و کاریگەرتر رۆڵی خۆیان بگێڕن. لەلایەکی دیکەوە، لەوانەیە ئەو سزایانەی کە خراونەتە سەر وڵاتی ئێران، کاریگەرییان لەسەر هاوکاریی ئابووری و بازرگانی لە هەندێک بواردا هەبێت. هەروەها جیاوازیی نێوان سیاسەتە گومرگی و داراییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستانیش کاریگەری خۆی هەیە. بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسانکاریی بەرهەمهێنان و بازرگانی، گفتوگۆی زیاتر پێویستە، کە شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بۆ چارەسەرکردن [ـی جیاوازییەکان] سەرقاڵی گفتوگۆ و دانوستاندنن.
 
پرسیار: رێککەوتننامەی ئەمنی بە کوێ گەیشت؟ 
 
نێچیرڤان بارزانی: بەرەوپێشچوونی باش لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق دا دەبینرێت. بەغدا بە هاوئاهەنگیی هەرێمی کوردستان و بۆ دڵنیاکردنەوەی زیاتر، لەسەر هەموو خاڵەکانی رێککەوتنەکە کار دەکات. لەوبارەوە، هەنگاوی جیدی بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی سنوورەکان نراوە، هەروەها میکانیزمێک بۆ چاودێریی ئەو ناوچانە لەبەرچاو گیراوە، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر چالاکییەک بکرێت، کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت و رێگە بە هیچ گرووپێک نادات خاکی هەرێم بکاتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی ئێران. ئێمە بەردەوام لەسەر ئەم باباتە کار دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی تەواو بە رێککەوتننامەکە، لەگەڵ بەغدا لە هاوئاهەنگیداین. ئەو بابەتە بۆ ئێمە زۆر جیدییە و بایەخێکی زۆر بە لێکتێگەیشتن و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکان دەدەین. 
 
پرسیار: هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی رێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران چی کردووە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: دامودەزگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەکە، وەک چۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی پێویست، لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق هاوئاهەنگی دەکەن. لە سنوور پەرە بە رێکارە ئەمنی و چاودێرییەکان دراوە، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر چالاکییەک بکرێت کە کاریگەری لەسەر سەقامگیریی سنوورەکانی نێوان هەردوولا دەبێت.
 
هەروەها لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتننامەیەی نێوان عێراق و ئێران، هەوڵی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە هەمەلایەنەکان لەگەڵ ئێران دەدرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچە سنوورییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندیی هەردوولا بێت و نیگەرانییەکانی هەردوولا بڕەوێندرێنەوە، لەبەر ئەوەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سنوورەکان، ئەرکێکی هاوبەشە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە