رووداو دیجیتاڵ
لە شاری رەفەحی کەرتی غەززە، رێکخراوە خێرخوازییەکان بەخۆڕایی خواردن بۆ خەڵک ئامادە دەکەن. فەلەستینییەکان چەندین کاژێر لە نۆرەدا دەوەستن تاوەکو ژەمەخۆراکێک وەربگرن. تەندروستیی جیهانی دەڵێت، هەموو دانیشتووانی غەززە کێشەی نەبوونی خۆراکیان هەیە.
ئەیاد عەبدولغەنی، هاووڵاتیی فەلەستینی دەڵێت، "من لە شوێنێکی دوورەوە هاتووم بۆ ئەوەی خواردن بۆ منداڵەکانم وەربگرم؛ دوو بۆ سێ کاژێر بەپێ دەڕۆم بۆ ئەوەی خواردن وەربگرم".
نەبوونی سووتەمەنی وایکردووە کە خەڵک نەتوانن لە ماڵەوە خواردن ئامادە بکەن و ناچارن روو لە رێکخراوە خێرخوازییەکان بکەن. بەشێکی زۆری خەڵکی غەززە پشت بەو رێکخراوە خێرخوازییانە دەبەستن بۆ بەدەستهێنانی خواردن و رۆژانەش دەتوانن تەنیا یەک ژەم خواردن وەربگرن.
رێکخراوە خێرخوازییەکان دەڵێن، رۆژانە خواردن بۆ زیاتر لە 10 هەزار کەس ئامادە دەکەن، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکەن، بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و خۆراکی پێویستەوە، ناتوانن بەردەوام بن.
ئیبراهیم شلوف، هاووڵاتیی دانیشتووی غەززە گوتی، "ئەو شوێنە کەمپی لێیە، ئاوارەی غەززەش لەو شوێنەن، هەروەها ئەو ئاوارانەی کە لە قوتابخانەکانیش نیشتەجێبوون خۆراکمان لێوەردەگرن، ئێمە ناتوانین خۆراک بۆ ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک دابین بکەین".
بەگوێرە ئامارەکانی رێکخراوی خۆراکی جیهانی، سەرجەم دانیشتووانی غەززە کێشەی نەبوونی خۆراکیان هەیە و هۆشداریش دەدات لەوەی هەموو دانیشتووانی غەززە هەڕەشەی تووشبوون بە بەدخۆراکییان لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ