یەكێتیی ئەوروپا داوا لە ئیسرائیل دەکات کاتی زیاتر بە هاووڵاتییانی غەززە بدات

14-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا داوا لە سوپای ئیسرائیل دەکات کاتی زیاتر بە دانیشتووانی باکووری غەززە بدات تاوەکو ناوچەکەیان بەرەو باشوور جێبهێڵن. ئەوەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل 24 کاژێری بۆ دانیشتووانی باکووری غەززە دانابوو.
 
رۆژی شەممە 14ی تەممووزی 2023 جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا کە بە سەردانێکی دوو رۆژە لە چینە، لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "گواستنەوەی یەک ملیۆن کەس بۆ باشوور لە ماوەی 24 کاژێردا شتێکی ئەستەمە. ناتوانیت ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک بەو کاتە کەمەوە بگوازیتەوە."
 
رۆژی 13-10-2023 سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا داوای لە 1.1 ملیۆن دانیشتووی باکووری غەززە کرد ناوچەکەیان بەرەو باشوور جێبهێڵن و هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی زەمینیشی بۆ سەر باکووری کەرتەکە کردووە. ئیسرائیل دەڵێت، زۆرترین بنکە و چەکداری حەماس لەو ناوچەیەی کەرتی غەززەدان.
 
هاوکات، ستیفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی داواکارییەکەی ئیسرائیلی کرد و گوتی، "نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات هەر فەرمانێکی لەو شێوەیە، ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە، هەڵبوەشێتەوە."
 
رۆژی 09-10-2023 یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانی بۆ سەرجەم هێزە زەوینی و دەریاییەکانی دەرکرد بە سەپاندنی گەمارۆی تەواو بەسەر کەرتی غەززەدا و گەمارۆکە بڕینی خۆراک، سووتەمەنی و کارەبا دەگرێتەوە.
 
هەشت رۆژ بەسەر شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت و تائێستا زیاتر لە 3300 کەس لە هەردوولا کوژراون.
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند و گوتی، لە ماوەی 20 خوولەکی هێرشەکەدا نزیکەی 5000 مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە.
 
دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 423 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە