ناڕەزایی سەربازانی ئیسرائیل لە شەڕی غەززە زیاتر دەبێت؛ 'هەموو سنوورێکی ئەخلاقی بەزێندراوە'

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
لهۆن نەسرەدین
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەربازێکی ئیسرائیلی کە لە غەززە کوژراوە
رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی سەربازێکی ئیسرائیلی کە لە غەززە کوژراوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هیچ فەلەستینییەک بۆی نییە پێ بخاتە ئەو ناوچانەی غەززە کە سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردوون، فەرمان بە سەربازان کراوە تەقەیان لێ بکەن، فڕۆکەوانەکانیش دەبێت بۆردوومانیان بکەن و ماڵەکانیشیان بەهۆ و بێ هۆ، وێران دەکرێن.
 
خەڵکێکی زۆری غەززە بوونەتە قوربانیی ئەو سیاسەتە کە 15 مانگە پەیڕەو دەکرێت و ناڕەزایەتیی دەیان سەربازی ئیسرائیلی لێ کەوتووەتەوە.
 
لە تەلئەڤیڤ کۆنفرانسێك بۆ سەربازانی ناڕازی رێکخرا. یووڤال گرین، سەربازی ناڕازیی ئیسرائیل دەڵێت، "بەش بە حاڵی خۆم دوودڵی و نیگەرانیم لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە دەستیپێکرد، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شەڕەکەدا، بۆم دەرکەوت هیچ بنەمایەکی ئەخلاقیی تێیدا نییە. کاتێك کە ئەفسەری سەرەوە فەرمانت پێ دەکات مێردمنداڵێكی غەززە بکوژیت یان خانوویەک بڕووخێنیت، بەبێ ئەوەی هیچ هەڕەشەیەکی پێکهێنابێت، ئەوە ئەو کاتەیە کە دەبێت بڵێیت نەخێر من بەشداری لەو شەڕەدا ناکەم، منیش رێک ئەو کارەم کرد."
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە، ناڕەزایەتییەکان لەنێو سوپا چەکەرەیان کرد؛ بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا سەریانهەڵدا و ئێستا لیستێک ئامادە کراوە، سەرووی 200 سەرباز واژۆیان کردووە و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەکەن.
 
ماکس کریش، رێکخەری کۆنفڕانسەکەی تەلئەڤیڤ گوتی، "ئەو سەربازانی بەشدارییان لەم شەڕەدا کردووە نامەیەکیان واژۆ کردووە و تێیدا نووسیویانە، ئێمە چیدیکە بەشداری لەم یارییەدا ناکەین، ئیدی بەسە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئامانجی سیاسی. حکومەت ئێمەی سەرباز وەکو دامەی شەترەنج بەکاردەهێنێت بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی؛ ئەوەی بینیومانە و پێمان کراوە، هەموو سنوورێکی ئەخلاقیی بەزاندووە."
 
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە، لانیکەم 831 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی 5600یان بریندار بوون؛ لە بەرامبەردا سەرووی 130 هەزار کوژراو و بریندار لە غەززە تۆمارکراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لانیکەم 11 هەزار بێسەروشوێنیش هەن. زیاتر لە 80 هەزار ماڵ لە غەززە رووخێندراون و لە 2.3 ملیۆن دانیشتوو، سەرووی ملیۆنێک و 900 هەزاریان ئاوارە بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە