رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ژنێکی خاوەن وڵاتینامەی میسری لە غەززە پاسپۆرتە میسرییەکەی پێشانی رۆژنامەنووسان دەدات. وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەرپرسانی میسر، نزیکەی 500 فەلەستینی کە هەڵگری وڵاتینامەی بیانین، لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە، غەززەیان بەرەو میسر بەجێهێشتووە.
رۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2023، بەرپرسێکی ئەمنیی میسر رایگەیاند، "نزیکەی 500 هاووڵاتی فەلەستینی و بیانی، کە خەڵکی 15 وڵاتی جیا بوون روویان لە میسر کردووە".
هاوکات، میدیاکانی میسر باس لەوە دەکەن، حەوت هاووڵاتی برینداری فەلەستینیش لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە گەیشتوونەتە نێو وڵاتەکەیان.
لەو کاتەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە، خەڵکی غەززە کە ژمارەیان نزیکەی 2.4 ملیۆن کەسە لە کەرتەکە ماونەتەوە، هیچ دەروازەیەکییان نییە بۆ ئەوەی جێیبهێڵن.
لە 1ـی ئەم مانگەوە کاتێک بۆ یەکەمجار دوای دەستپێکردنی شەڕ، دەروازەکە کرایەوە، سەتان بریندار لە غەززەوە بەرەو نەخۆشخانەکانی میسر بەڕێکران و 335 کەسی هەڵگری پاسپۆرتی بیانی و 76 بریندار دەربازی میسر بوون.
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هێشتا بەردەوامە و جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە رۆژی 7ی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە.
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستی کەرتی غەززە و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، تاوەکو ئەمڕۆ و لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 12 هەزار و 400 کەس لە هەردوولا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ