وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: حەماس کۆنترۆڵی غەززەی لەدەستداوە

13-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس کۆنترۆڵی بەسەر کەرتی غەززەوە نەماوە. دەشڵێت، سوپای ئیسرائیل لە پلانەکانی بۆ شکستپێهێنانی حەماس بەردەوامە.
 
رۆژی دووشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2023، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "حەماس کۆنترۆڵی غەززەی لەدەستداوە، تیرۆریستان بەرەو باشوور رادەکەن، هاووڵاتییانی سیڤیل بنکەکانی حەماس تاڵان دەکەن، چیدی متمانەیان بە حەماس نییە".
 
وەزیری بەرگری باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی سوپای وڵاتەکەی لە غەززە کرد و گوتی: "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بەگوێرەی پلانەکان لە پێشڕەوییەکانیان بەردەوامن و ئەرکەکانی خۆیان بەشێوەیەکی ورد جێبەجێ دەکەن".
 
هەروەها گاڵانت ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل چالاکییەکانی دژی توونێلەکانی حەماس فراوانتر کردووە و بەردەوامن لە تێکشکانی حەماس.
 
دوای گوتەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس شەوی دووشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2023، چەند رۆکێتێکیان لە باشووری غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
 
سوپای ئیسرائیل لە پێشڕەوییەکانی لە نێو کەرتی غەززە بەردەوامە، ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە دەوروبەری نەخۆشخانەی شیفا و گەمارۆی دا. 
 
ئەشرەف قەدرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە لەنێو نەخۆشخانەی شیفا بوو گوتی، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا 32 نەخۆش گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا منداڵی تازە لەدایکبوو هەن، هەمووشی بەهۆی گەمارۆ و بڕانی کارەبای نەخۆشخانەکەوە بووە.
 
دۆخی خراپی غەززە وایکردووە کە محەممەد شتەییە، سەرۆکوەزیرانی دەسەڵاتی فەلەستین لە راگەیێندراوێکدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا بکات، کە لە رێگەی پەڕەشووتەوە هاوکاری بگەیێننە غەززە، بەتایبەت لە باکووری غەززە، کە شەڕەکە لەو ناوچەیە زۆر سەختە.
 
شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل هێشتا بەردەوامە و جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری بەرپرسانی تەندروستی غەززە، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا 11,240 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها  ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە 28 هەزار و 200 کەس، سێ هەزار و 250 کەسیش بێسەروشوێنن.
 
بەرپرسانی ئیسرائیلیش ئاماژە بەوە دەکەن، نزیکەی هەزار و 200 کەس سیڤیل لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە