رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ئاوارەبوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە. وێنە: MOHAMMED ABED / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 432 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.
رۆژی هەینی 13ی تشرینی یەکەمی 2023 ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ژمارەی ئاوارەکانی غەززە کرد و گوتی، ژمارەی ئەوانەی لە کەرتەکە ئاوارەبوون گەیشتووەتە 432 هەزار و 378 کەس.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆمبارانکردنی غەززە و لە 24 کاژێری رابردوودا چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون خاپوور کراون.
نزیکەی 270 هەزار کەس لەوانەی کە ئاوارەبوون پەنایان بۆ ئەو قوتابخانانە بردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە دروستی کردوون و 27 هەزاری دیکەشیان لە قوتابخانەکانی فەلەستینییەکان پەنادراون و 153 هەزار کەسی دیکەش پەنایان بۆ کەنیسە و شوێنە گشتییەکانی دیکەی غەززە بردووە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم 90 دامەزراوی پەروەردەیی و 752 باڵەخانەی نیشتەجێبوون بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە خاپوور بوون.
ئەوەش لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل 1.1 ملیۆن دانیشتووی غەززەی ئاگادار کردووەتەوە کە لە ماوەی 24 کاژێردا باکووری غەززە بەجێبهێڵن و رووبکەنە باشووری کەرتەکە.
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. دواتر سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو؛ تاوەکو ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن.
بەگوێرەی دوایین ئاماری سوپای ئیسرائیل، 1300 ئیسرائیل کوژراون و 3300ی دیکەش لە شەڕەکەدا برینداربوون. وەزارەتی تەندروستیی غەززەش دەڵێت، 1537 کەس لە شەڕەکەدا کوژراون و 6268 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ