رووداو – هەولێر
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە و لوبنان چەکی قەدەخەکراوی فۆسفۆڕی بەکارهێناوە. رێکخراوەکە هۆشداری دەدات لەوەی بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە.
رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2023 رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، ناسراو بە (هیومەن رایتس وۆچ)، رایگەیاند، "لە رۆژانی 10 و 11ی ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل چەکی قەدەخەکراوی فۆسفۆڕی لە دوو ناوچەی دەوروبەری غەززە و لەسەر سنووری لوبنان بەکارهێناوە."
لەما فاکیح، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەڵێت، "بەکارهێنانی چەکی فۆسفۆر رێگەپێنەدراوە و بەکارهێنانی دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل زیانێکی زۆریان بەربکەوێت."
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر کەرتی غەززە وەڵامی هێرشەکەی دایەوە، هەڕەشەی هێرشی زەوینیش بۆ سەر کەرتی غەززە دەکات.
بەڵام سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رەتیکردەوە چەکی فۆسفۆڕی لە غەززە بەکارهێنابێت و گوتی، "سوپای ئیسرائیل ئاگاداری بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراوی فۆسفۆڕ نییە لە غەززە."
بەکارهێنانی چەکی فۆسفۆڕ لە شەڕدا رێگەپێدراو نییە و بەکارهێنەرانی بە "تاوانی جەنگ" تۆمەتبار دەکرێن.
بەگوێرەی دوایین ئاماری سوپای ئیسرائیل، 1300 ئیسرائیل کوژراون و 3300ی دیکەش لە شەڕەکەدا برینداربوون و وەزارەتی تەندروستیی غەززەش دەڵێت، 1537 کەس لە شەڕەکەدا کوژراون و 6268 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ