رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ستراتیژیی وڵاتەکەی، پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاوکاریی هەمەلایەنەیە لەگەڵ عێراق، گوتیشی: ''لەگەڵ عێراق هاوڕاین کە لە غەززە خەریکە کۆمەڵکوژیی روودەدات و دەبێ بەبێ هیچ مەرجێک کۆتایی پێبێت.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-06-2024، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. باقری لەبارەی جەنگی غەززە رایگەیاند، "رێگە نادەین زایۆنییەکان ئارامیی ناوچەکە تێکبدەن. بۆ ئەوەی جەنگ بووەستێت، پێویستە ئەمریکا پێدانی چەک بە زایۆنییەکان رابگرێت".
دوای کۆبوونەوە عەلی باقری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، رایگەیاند: ''روانگەی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاوکاریی هەمەلایەنەیە لەگەڵ وڵاتی عێراق.''
سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ''خاڵە هاوبەشەکانی ئێمە هێندە زۆرن کە ئەگەر بمانەوێت بە دوای دۆزینەوەی خاڵە ناکۆکەکانمان لە نێوان ئێران و عێراقدا بین، دەبێ کەڵک لە زەڕەبین وەربگرین.''
هاوکات، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران بەهێز و پتەون. لەڕووی ئابووری، ئەمنی و بازرگانی پەیوەندیی باش لەنێوانمان هەیە".
لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی باقری، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "ناوچەکە لەژێر ئاگردایە و جەنگی غەززە بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکەمان بوو. فراوانکردنی جەنگ بۆ تەواوی ناوچەکە مەترسیدارە".
عەلی باقری لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە ''هاوڕابوون''ـی عێراق و ئێران لەبارەی شەڕی غەززەدا کرد و گوتی: ''هاوڕاین کە دەبێت ئەم کۆمەڵکوژییە بەبێ هیچ مەرجێک کۆتایی پێبێت، ئێمە لەسەر ئەم باوەڕە نین ئەمڕۆ لە غەززە شەڕ روو دەدات، بەڵکو ئەمڕۆ لە غەززە تاوانی جەنگ هەیە.''
سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا خوازیاری کۆتاییهاتنی گرژییەکانە لە ناوچەکە، ''پێویستە دەست لە هاوکاریکردنی زایۆنییکان هەڵبگرێت، ناکرێت لە لایەکەوە چەکی پێشکەوتوو بداتە زایۆنییەکان کە لە خێوەتەکانیشدا هێرش دەکرێتە سەر فەلەستینییە بێ پەناکان و لە لایەکی دیکەشەوە، سیمای ئاشتیخوازانە بە خۆیەوە بگرێت.''
رۆژی چوارشەممە، 12-06-2024، نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممە بە سەردانێک دەگاتە بەغدا. رۆژی هەینی سەردانی هەولێر و دواتریش سەردانی سلێمانی دەکات.
بەگوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، عەلی باقری لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە؛ دواتر دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە.
عەلی باقری لەدوای گیانلەدەستدانی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکەمین سەردانی دەبێت بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.
دەقی گوتەکانی عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران:
سڵاوتان لێبێت.
بە ناوی خودا، سەرەتا بە پێویستی دەزانم سوپاسی میوانداریی گەرم و پێشوازیی برایانەی بەرپرسانی عێراقی بکەم، بەتایبەتی دانیشتنی زۆر دۆستانەمان لەگەڵ بەڕێز فوئاد حوسێن، وەزیری بەڕێزی دەرەوەی کۆماری عێراق کە ئەمڕۆ بەیانی بوو.
هەر بەوشێوەیەی کە ئەو بەڕێزە (فوئاد حوسێن) ئاماژەی دا، ئێمە ئەم رۆژانە تازیەباری لەدەستدانی دوو کەسایەتیی گەورەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵڵا رەئیسی، سەرۆککۆماری ئازیز و شەهیدی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەڕێز ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی تێکۆشەر و چالاک و موجاهیدی کۆماری ئیسلامیی ئێرانین. ئەم کارەساتە گەورەیە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی شەپۆلێک لە پەیام و هەڵوێستی هاوخەمیی وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی وڵاتی دۆست، برا و دراوسێی عێراق، بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بنێردرێن.
ئێمە هاتنی شاندی جۆراوجۆری بەرپرسە باڵاکانی وڵاتی عێراقی برامان بینی بۆ هاوخەمی لەگەڵ دەوڵەت و خەڵکی ئێران لەو کارەساتە گەورەیەدا. بەڕێز سەرۆکوەزیران، بەڕێز سەرۆککۆمار، بەرپرسانی باڵا لە پەرلەمان، دامەزراوە ئەمنی، سیاسی، کولتووری و خەڵکیی عێراق، ئامادەبوونێکی هاوسۆزانەیان هەبوو لە رێوڕەسمێکی ماتەمین لە ئێران کە بەبۆنەی رێزگرتن لە کەسایەتی و بەرپرسیارێتیی ئەو شەهیدانە بەڕێوەچوو.
ئێمە سوپاسی ئەم ئامادەبوون، هاوخەمی و هاوسۆزییە دەکەین کە لەلایەن دەوڵەت و میللەتی عێراق لەگەڵ دەوڵەت و میللەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبوو و من لە دانیشتنی ئەمڕۆدا جەختم لەوە کردەوە، کە سوپاسی ئەم خاڵە درەوشاوەیە دەکەم کە هاوڕایی و هاوخەمیی دەوڵەت و میللەتی عێراقە لە دۆخی سەختی لەدەستدانی سەرۆککۆماری ئازیز و وەزیری دەرەوەی تێکۆشەرمان، ئەمە سرووشتی پەیوەندیی برایانەی نێوان عێراق و ئێرانە، کە هەموو کات لە خەم و خۆشییەکاندا، لەگەڵ یەکدین و لای یەکدیش دەمێنینەوە.
ئێمە دوو میللەتین بە رەگ و ریشە، شارستانییەت، مێژوو و کولتووری هاوبەشەوە و هەروەها دوو میللەتین بە چارەنووسی هاوبەشەوە، بۆیە هاوڕایی، هاوکاریی و یەکگرتوویی ئێمە هەمیشەییە و ئەو پەیوەندییەی نێوان دەوڵەت و میللەتی عێراق بە بەرژەوەندیی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە و هەم بە بەرژەوەندیی گەشەپێدان و پێشکەوتنەکانە لە هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق، بۆیە روانگەی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاوکاریی هەمەلایەنەیە لەگەڵ وڵاتی عێراق و لەوبارەوە هیچ گومانێک بوونی نییە و ئەم ئیرادەیە لە باڵاترین بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تاوەکو بەرپرسە مامناوەندەکان بوونی هەیە و ئێمە ئەو راستییە لە نێوان بەرپرسانی باڵای عێراقیشدا دەبینین.
بۆیە کەڵکم لەم دەرفەتە وەرگرت بۆ رێزلێنان لەو هاوخەمییەی دەوڵەت و میللەتی عێراق بە نوێنەرایەتیی لە دەوڵەت و میللەتی ئێران، ئەمڕۆ لای دەوڵەت و میللەتی عێراق سوپاس و دەستخۆشی دەکەم لە بابەت ئەم هاوخەمی و هاسۆزییە دۆستانە و برایانەی برایانی عێراقی.
هەر بەوشێوەی بەڕێز فوئاد حوسێنی برام ئاماژەی دا، لە دانیشتنی ئەمڕۆ، سەرەڕای بابەتەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ پەیوەندییە دووقۆڵییەکەی ئێران و عێراق، کە پەیوەندییەکی زۆر بەربڵاو و هەمەلایەنە و پتەوە، باس لە کێشە و پرسەکانی ناوچەکەش کرا.
لەم دانیشتەندا جەختمان لەوە کردەوە کە خاڵە هاوبەشەکانی ئێمە هێندە زۆرن کە ئەگەر بمانەوێت بە دوای دۆزینەوەی خاڵە ناکۆکەکانمان لە نێوان ئێران و عێراق بین، دەبێت لە زەڕەبین کەڵک وەربگرین.
بۆیە ئەو خاڵەی کە لە نێوان ئێران و عێراق زۆر گرنگە، هاوبەشییەکان نییە، بەڵکو بەکارهێنانی دەرفەتەکان لەکاتی خۆیدا و بەشێوەی ژیرانە و وریایە، بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی دوو وڵاتی ئێران و عێراق و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
ئێران و عێراق دوو بنەمای سەرەکیی (ستوون) سەقامگیریی ناوچەکەن، ئێران و عێراق بەرپرسیارێتیی ناوچەییان بۆ پتەوکردنی بنەماکانی ئاسایش و ئاشتەوایی لە ناوچەکە لە ئەستۆیە و بەباشی لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکەش ئاشنان و، مێژووی چەند دەیەی رابردوو دەرخەری ئەوە بووە کە، حکومەتی عێراق دوای رۆشتنی دیکتاتۆر لەم وڵاتە پاکە، نیشانی داوە کە لەوبارەوە زۆر جدییە و ئێران و عێراق دوو هاوبەشن کە شێلگیرانە لەم گۆڕەپانەدان و دەشمێننەوە.
لە پرسی گرنگی ناوچە و جیهاندا، تاوان و کۆمەڵکوژیی زایۆنییەکان لەغەززە، بۆچوون و هەڵوێستی ئێران و عێراق هاوبەشن، بێگومان دەبێت ئەم کۆمەڵکوژییە بەبێ هیچ مەرجێک کۆتایی پێبێت، ئێمە لەسەر ئەم باوەڕە نین کە ئەمڕۆ لە غەززە شەڕ روو دەدات، بەڵکو ئەمڕۆ لە غەززە تاوانی جەنگی هەیە. ئەمڕۆ لە غەززە کۆمەڵکوژییەکی ئاشکرا دەبینین. لە لایەک زایۆنییە داگیرکەرەکان کە بە پێشکەوتووترین چەکی ئەمریکییەکان پڕچەک کراون و، لە لایەکی دیکەشەوە میللەتێکی ستەملێکراوی ئیمانداری خۆڕاگر هەیە کە هەشت مانگە رێگەی نەداوە زایۆنییەکان بە بچووکترین ئامانجەکانیشیان بگەن؛ ئەمە بە واتای سەرکەوتنی میللەتی فەلەستین و خەڵکی ستەملێکراوی غەززەیە.
خەڵکی ستەملێکراوی غەززە، لە ژێر داروپەردوو و وێرانەکان، ئاڵای سەرکەوتنیان هەڵکردووە، بەڵام زایۆنییەکان ئەمڕۆ شکستیان خواردووە. ئێمە هەردوو لا (ئێران و عێراق)، جەخت لە راگیرانی بێ مەرجی تاوانی شەڕ و کۆمەڵکوژیی زایۆنییەکان دەکەینەوە و لەسەر ئەم خاڵە کۆکین کە هەموو وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی دەبێ هەوڵەکانیان بەکاربهێنن، تاوەکو بە زووترین کات، کۆتایی بە تاوانەکە بهێنرێت. هەروەها هەردوولا پێمان وایە کە دەبێ هاوکاریی خێرا و بەبێ مەرج بگەیێندرێتە خەڵکی غەززە. خەڵکی غەززە دەبێت لە دەستپێڕاگەیشتنیان بە پێداویستییە سەرەکییان دڵنیاببنەوە و لەوبارەوە ئێمە و عێراق پێکەوە هاوڕاین و هەوڵدەدەین کە لە توانای دیکەش چی لە چوارچێوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و چی لە بوارەکانی دیکەوە بە باشی کەڵک وەربگرین، تاوەکو لەم دۆخە هەستیار و گرنگەدا لەگەڵ خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین بین.
زایۆنییەکان بەهۆی شکست لە غەززە، دەشێت بیانەوێت هەڵەیەکی دیکە بکەن و بازنەی تەحەدایان بەربڵاوتر بکەن. ئەوەی دەکرێ بە زایۆنییەکانی بڵێین ئەمەیە کە ئێوە جارێک تووشی هەڵەی ستراتیژی بوون و ناژیرانە هێرشتانکردە سەر ناوەندی دیپلۆماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیمەشق و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانتان شەهید کرد، بەڵام بەرامبەر ئەم کارە ناژیرانەیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکلاکەرەوانە وەڵامی دایەوە و لە مافی بەرگریی رەوای خۆی کەڵکی وەرگرت و تەحەداکاری سزا دا و لە هەڵەکەی خۆی تێیگەیاند.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆیانە (وەعد صادق)، سەلماندی کە لە سەرجەم تواناکانی خۆی بۆ سەقامگیری، ئاشتەوایی و ئاسایشی ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت و رێگە نادات هیچ کەسێک، تەنانەت زایۆنییە تەحەداکارەکان، لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کەم بکەنەوە. بۆیە ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بۆ مامەڵەکردن و یەکگرتوویی، بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمن و سەقامگیر لەگەڵ یەکدین و ئەمە زایۆنییەکانن کە پێشانیان داوە کە سەرەکیترین هۆکاری گرژی و ناسەقامگیرین لە ناوچەکە، بۆیە ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم یەکگرتوویی و هاوڕاییەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، زیاتر لە رابردوو پەرەی پێ بدرێت.
خاڵی کۆتایی ئەمەیە کە بە بۆچوونی ئێمە، ئەگەر ئەمریکییەکان لە داهێنانە سیاسییەکان و داهێنان بۆ وەستانی شەڕ و خوێنڕشتنی زایۆنییەکان لە غەززە جدین، پێویست ناکات زۆر گوشار بخەنە سەر خۆیان، بەڵکو با ئەوان تەنیا یەک کار بکەن، ئەویش دەست لە هاوکاریکردن، بەتایبەتی هاوکاریی سەربازیی بۆ زایۆنییەکان هەڵبگرن. ئەمریکییەکان ناتوانن لەلایەک پێشکەوتووترین چەک بدەنە زایۆنییە داگیرکەرەکان کە هێڕش بکەنە سەر خەڵکی بێ پەنای غەززە تەنانەت لە ژێر خێوەتەکانیش، لەلایەکی دیکەشەوە بە سیمایەکی ئاشتیخوازانە، بیانەوێت داهێنانی سیاسی بە دەستەوە بگرن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوشێوەی کۆماری عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێ بە زووترین کات و بەبێ هیچ مەرجێک، تاوانی جەنگیی زایۆنییەکان و کۆمەڵکوژیی لە غەززە کۆتایی پێبێت و گەیاندنی هاوکاریی بە خەڵکی ستەملێکراوی غەززە، بەبێ هیچ مەرجێک بەپێی پێداویستییەکای ئەو خەڵکە بنێردرێت و ئینشائەڵڵا لەم رێگەیەدا هاوڕایی و یەکگرتوویی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیسلامی دەتوانێت زیاتر لە پێشوو، هاوکار بێت.
من دەمەوێت لە کۆتاییدا دووبارە سوپاسی پێشوازیی گەرم و میوانداریی دۆستانەی بەڕێز فوئاد حوسێنی برا بکەم و دووبارە جەخت لەو خاڵە دەکەمەوە کە ئێران و عێراق هەمووکات لەگەڵ یەکدین و دوو بنەمای پتەو و بەهێزی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەن.
سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ