پێنتاگۆن بۆ رووداو: ئەگەر هەڕەشە لەسەر هێزەکانمان هەبوو، دوودڵ نابین لە وەڵامدانەوە

12-12-2023
دیار کوردە @diyarkurda
پات رایدەر وەڵامی پرسیارەکانی دیار کوردە دەداتەوە
پات رایدەر وەڵامی پرسیارەکانی دیار کوردە دەداتەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پێنتاگۆن رایدەگەیێنێت، ئەرکی سەرەکیی ئەوان لە عێراق رووبەڕووبوونەوەی داعشە و سەرنجیشیان هەر لەسەر ئەوە دەبێت، بەڵام کاتێک هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانیان، دوودڵ نابن لە وەڵامدانەوەیان. 
 
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیارەکانی رووداو لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کە دوو گرووپی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبارکردووە، رایگەیاند، "عێراق هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکایە و هێزمان لەوێ هەیە و لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەوێین، تاوەکو هاوکاری هێزەکانیان بکەین بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی داعش، ئەوەش سەرنجی ئێمە دەبێت، بەڵام ئێمە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرز دەنرخێنین کاتێک دێتە سەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە."
 
پات رایدەر گوتی، "لە پەیوەندی و هاوئاهەنگییە نزیکەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین، بەڵام لە کۆتاییدا ئەگەر هەڕەشە لەسەر هێزەکانمان هەبوو، ئەوا دوودڵ نابین لە وەڵامدانەوە، بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە عێراق."
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەم لە دوای هێرشی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لۆید ئوستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و رایگەیاند "حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی ناوەندە دیپلۆماسی و هێزەکانیان لە عێراق."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو دوو گرووپەی لۆید ئۆستن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی باسی کردوون، هەر یەکە لە حەرەکەی نوجەبا و کەتایبی حیزبوڵڵان. رایدەر رەتیکردەوە وردەکاریی هەواڵگری لەوبارەیەوە ئاشکرا بکات. 
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن لەبارەی ئەوەی کە ئایا حکومەتی عێراق دەتوانێت رووبەڕووی ئەو گرووپانە ببێتەوە، لەکاتێکدا ئەمریکا چەند جارێک داوای لێکردوون و هێرشەکان نەوەستاون، ئاماژەی بەوە کرد، گرووپ هەن کە دەیانەوێت دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بقۆزنەوە، بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجە گەورە ستراتیژییەکەیان کە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق و سووریا، "بەڵام ئێمە نامانەوێت داعش بگەڕێتەوە و بەردەوامیش دەبین لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنەکانی دیکە بکەین تاوەکو دڵنیا بین لەوەی ئەوە روونەدەن." 
 
سەرەتای ئەم مانگە پێنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، 78 جار ‌هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش، 66 سەربازیان برینداربوون، بەڵام سەرجەمیان برینیان سووک بووە و ئێستا هەموویان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکی سەربازیی خۆیان.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە