رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە شوێنی بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "لە هەموو دۆخێکدا لەگەڵ خەڵک و دەوڵەتی لوبنان دەمێنینەوە." ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە وڵاتانی ئیسلامی هێرشەکانی "رژێمی زایۆنی" بۆ سەر لوبنان سەرکۆنە بکەن و گەیاندنی هاوکاری بە خەڵکەکەی کاری لەپێشیەیان بێت.
ئەمڕۆ شەممە 12-10-2024 محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە سەردانێک گەیشتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حێزبوڵڵا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆبووەوە.
قالیباف دوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی بەیرووت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هاتووم بۆ ئەوەی پەیامی خەڵک، رێبەر و بەرپرسانی ئێرانی بە خەڵکی ستەملێکراوی لوبنان بگەیێنم و بڵێم وەک هەمیشە، لە هەموو دۆخە سەختەکاندا لەگەڵ خەڵک، دەوڵەتی لوبنان و بەرەی موقاوەمە دەمێنینەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی، دوای کۆبوونەوەکانی لە لوبنان، بۆ بەشداریکردنی لە دانیشتنێکی سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتان، سەردانی شاری جنێڤی سویسرا دەکات؛ گوتیشی، "دەمەوێت پەیامی خەڵکی ستەملێکراوی غەززە و لوبنان بگەیێنمە وڵاتان و ئەرکی نێودەوڵەتیی خۆیان سەبارەت بەو خەڵکە بیربخەمەوە."
محەممەدباقر قالیباف لە سەردانەکەیدا بۆ بەیرووت، شوێنی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و عەباس نیلفرووشان، بەرپرسی دۆسیەی لوبنان لە سوپای پاسداران بەسەر کردەوە و گوتی، "رژێمی زایۆنی و سەرۆکوەزیرانە گورگ رەفتارەکەی، تاوانێکی لەو شێوەیەیان کرد، بەڵام رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چاویان لە بەرامبەری داخست. پێویستە وڵاتانی ئیسلامی و سەرجەم ئازادیخوازانی جیهان ئەو تاوانە سەرکۆنە بکەن و گەیاندنی هاوکاری بە خەڵکی لوبنان کاری لەپێشینەیان بێت."
چوونی قالیباف بۆ لوبنان لەکاتێکدایە، رۆژی 04-10-2024، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە بەیرووت، سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و دۆخی لوبنان، لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆبووەوە.
چەند هەفتەیەکە گرژییەکانی ناوچەکە زیادیان کردووە. 27ی ئەیلوول ئیسرائیل بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت بۆردوومانکرد کە بووە هۆی کوژرانی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە و بەرپرسی دۆسیەی لوبنان لە سوپای پاسداران؛ ئێرانیش لە 1ـی تشرینی یەکەم بە 180 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکە بداتەوە، کاردانەوەی "زۆر تووندتر" دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ