کۆمکاری عەرەبی داوا لە ئیسرائیل دەکات گەمارۆی سەر غەززە هەڵبگرێت

12-10-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی سەرکۆنەی گەمارۆدانەکەی غەززەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە کرد و داوایانکرد ئیسرائیل "دەستبەجێ" گەمارۆکە هەڵبگرێت و رێگە بدات هاوکاریی مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە.
 
رۆژی چوارشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2023 وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی لە میسر کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان لەسەر دۆخی فەلەستین کرد. دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا رایانگەیاند، "داوا لە ئیسرائیل دەکەین دەستبەجێ رێگە بدات خۆراک، سووتەمەنی و هاوکارییە مرۆییەکان بگەیێندرێتە غەززە."
 
وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی داواشیان لە ئیسرائیل کرد، "بەو بڕیارە نادادپەروەرەدا بچێتەوە کە بۆ بڕینی ئاو و کارەبای غەززەدا داویەتی."
 
رۆژی 09-10-2023 یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانی بۆ سەرجەم هێزە زەوینی و دەریاییەکانی دەرکرد بە سەپاندنی گەمارۆی تەواو بەسەر کەرتی غەززە و گەمارۆکە بڕینی خۆراک، سووتەمەنی و کارەبا دەگرێتەوە.
 
رۆژێک دوای ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان سەپاندنی گەمارۆی تەواوەتی بۆ سەر کەتی غەززە بە "نایاسایی" ناوبرد و ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی، "سەپاندنی ئەو گەمارۆدانە کە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی سڤیل نەتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بەدەستبهێنن و ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە، رێگەپێنەدراوە."
 
گەمارۆدانی تەواوەتیی غەززە، بە گوتەی تورک، دەبێتە هۆی ئەوەی دۆخی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە غەززە خراپتر بکات، لەنێویاندا توانای دامەزراوە پزیشکییەکان بۆ کارکردن، لە کاتێکدا کە ژمارەی بریندارەکان بەردەوام بەرەو زیادبوون دەچێت.
 
لە 17 ساڵی رابردوودا ئیسرائیل گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانیی غەززەی داوە، لە 6 دەروازەی سەرەکیی کۆنترۆڵی چوونی خۆراک، دەرمان، هاوکاری، هاتووچۆی غەززەییەکان بۆ نێو ئیسرائیل دەکات، دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی و بەشێك لە سەرچاوە ئاوییەکانی غەززەش لەلایەن ئیسرائیلەوەیە، کە بە گوێرەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی دەیگۆڕێت.
 
رووبەری کەرتی غەززە نزیکەی 360 کیلۆمەتر دووجایە؛ سەرووی دوو ملیۆن فەلەستینی تێیدا دەژین و بە یەکێك لە قەرەباڵخترین ناوچەکانی جیهان لەڕووی رووبەر بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان، دادەنرێت.
 
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر 10 خێزانی دانیشتووی غەززە پێنجیان ئاسایشی خۆراکیان نییە. هەر هەزار کەس لە غەززە یەک قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیان بەردەکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان. وێنە: AFP

سوودانی و ئەردۆغان جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە فرە رەهەندەکان دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە سەرۆکایەتیی چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاری ستراتیژی باڵای تورکیا- عێراق کرد. لە کۆنفرانسێکی رۆژنەماڤانیی هاوبەشدا بە بایەخەوە باسیان لە پەرەدانی زیاتر بە پەیوەندییە فرە رەهەندەکانیان کرد.