رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

دوای بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، ئاگر لە باڵەخانەیەک بەرزدەبێتەوە. وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، لانیکەم 11 کارمەندی رێکخراوەکە و 30 خوێندکار کە لە قوتابخانەکانی غەززە خوێندوویانە، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی غەززە کوژراون.
رۆژی چوارشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2023 ستیڤان دووژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "لە رۆژی شەممەوە 11 کارمەندی رێکخراوی فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کوژراون."
دووژاریک ئاماژەی بەوەش کرد، لانیکەم 30 خوێندکاری فەلەستینی لەو خوێندنگەیانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە دروستی کردوون، کوژراون و 8ی دیکەش بریندار بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، "دەبێت گیانی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان و خەڵکی سڤیل پارێزراو بێت. داوا لە لایەنەکانی شەڕ دەکەین کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن بۆئەوەی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل پارێزراو بێت."
هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە کارەکانی رێکخراوەکە کرد لە کەرتی غەززە و گوتی، "نزیکەی 220 هەزار فەلەستینی لە 92 پەناگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە پەنادراون؛ نابێت بە هیچ شێوەیەک بارەگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان بە ئامانج بگیرێت."
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "5000" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس روویدا.
سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 1200 هاووڵاتی، لەنێویاندا 155 سەربازی ئیسرائیل، لە شەڕەکەدا کوژراون.
بەرپرسانی غەززەش دەڵێن 1055 هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، لەنێویاندا 260 منداڵ و 230 ژن هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ