رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماس داوا لە هاووڵاتییانی دراوسێی فەلەستین دەکات بەشداریی شەڕی دژی ئیسرائیل بکەن و داواش لە وڵاتانی ئیسلامی دەکات رۆژی هەینی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل خۆپێشاندان بکەن.
رۆژی چوارشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2023 خالید مەشعەل، سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماس، کە ئێستا سەرۆکایەتیی نوێنەرایەتیی حەماس لە دەرەوە دەکات، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "ئێمە پێویستە رۆژی هەینی بڕژێینە سەر شەقامەکانی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی."
مەشعەل لە گرتە ڤیدیۆییەکەیدا دەشڵێت، "ئەرکی خەڵک و وڵاتانی ئوردن، سووریا، لوبنان و میسرە کە پاڵپشتیی فەلەستینییەکان بکەن. ئێستا کاتی راستگۆییە و ئێوە هەمووتان بەرپرسیارێتیی خۆتان دەزانن."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتیی خستووەتە سەر غەززە و چەند رۆژێکە بە چڕی تۆپبارانی غەززە دەکات.
رۆژی 9ی ئەم مانگە نووسینگەی کاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دوای هێرشە لەناکاوەکەی حەماس، نزیکەی 200 هەزار کەس لەناو کەرتی غەززە ئاوارە بوون و هۆشداریشی دا لەوەی ژمارەی ئاوارەکان بەرەو زیادبوون دەڕوات.
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە کرد.
لە ماوەی پێنج رۆژی شەڕەکەدا نزیکەی 2500 کەس لە هەردوولا کوژراون، کە زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی سڤیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ